بەگوێرەی یاسا کاری میدیایی ئازادە و سزای سووکایەتیکردن بە ڕۆژنامەوان توندە




بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەریی هەرێمی کوردستان، ڕۆژنامەوان لە بەجێهێنانی ئەرکە پیشەییەکانیدا تەواو سەربەخۆیە و هیچ دەسەڵاتێکی بەسەرەوە نییە جگە لە یاسا، هاوکات یاساکە پارێزبەندیی بەهێزی بۆ ڕۆژنامەوانان داناوە بەجۆرێک سزای هەر سووکایەتییەک بە میدیاکاران هاوشێوەی سزای سووکایەتیکردنە بە فەرمانبەری دەوڵەت.

ئازادیی کاری میدیایی و نەبوونی سانسۆر
بەگوێرەی ماددەی دووەم لە یاسای ژمارە 35ـی ساڵی 2007ـی یاسای ڕۆژنامەگەریی لە هەرێمی کوردستان، کاری ڕۆژنامەگەریی ئازادە و هیچ جۆرە سانسۆرێکی لەسەر نییە. یاساکە ئازادیی دەربڕین و بڵاوکردنەوەی بۆ هەموو هاووڵاتییان دەستەبەر کردووە، بە مەرجێک لە چوارچێوەی ڕێزگرتن بێت لە ماف و ئازادییە تایبەتییەکان و ژیانی تاکەکان، ئەمەش بەپێی ستانداردەکانی بەڵێننامەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان.

مافی دەستکەوتنی زانیاری و سەربەخۆیی پیشەیی
یاساکە مافی ئەوەی بە ڕۆژنامەوان داوە کە لە سەرچاوە جیاوازەکانەوە هەر زانیارییەک بەدەستبهێنێت کە بایەخی بۆ هاووڵاتییان هەبێت و پەیوەندی بە بەرژەوەندیی گشتییەوە هەبێت. هاوکات بەگوێرەی ماددەی حەوتەم، ڕۆژنامەوان لە بەجێهێنانی ئەرکە پیشەییەکەیدا تەواو سەربەخۆیە و هیچ دەسەڵاتێکی بەسەرەوە نییە جگە لە دەسەڵاتی یاسا، هەروەها نابێت ڕۆژنامە قەدەغە بکرێت یان دەستی بەسەردا بگیرێت.

سزای هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەوان
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی یاساکە پاراستنی شکۆی ڕۆژنامەوانە، بەجۆرێک هەر کەسێک بەهۆی کارەکەیەوە سووکایەتی بە ڕۆژنامەوان بکات یان دەستدرێژی بکاتە سەر، ئەوا هەمان ئەو سزایە دەیگرێتەوە کە بۆ دەستدرێژیکردنە سەر فەرمانبەرێک لە کاتی بەجێهێنانی ئەرکەکەی دانراوە.

ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە و پشکنین
بەگوێرەی ماددەی هەشتەمی یاساکە، ڕێوشوێنی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ ڕۆژنامەوانان دیاریکراوە، کە بەپێی یاسا نابێت بەبێ بڕیاری دادوەر و ئاگادارکردنەوەی نەقیبی سەندیکا، لێکۆڵینەوە لەگەڵ ڕۆژنامەوان بکرێت، یان ڕێگە بە پشکنینی شوێنی کار و ماڵەکەی بدرێت.

-کەناڵ8 



AM:10:26:04/12/2025




ئه‌م بابه‌ته 68 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌