ڕاگەیێنراوێک لە دامەزراوەی میدیایی کەناڵ8ەوە




دامەزراوەی میدیایی کەناڵ8 وەرگرانی ئاگاداردەکاتەوە، کە لاپەڕەی کوردی/سۆرانی دامەزراوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەهۆی هێرشی ئەلیکترۆنی و ریپۆرتدانی ناڕەوا لەسەری لە ئێستادا لەلایەن مێتاوە ناچالاک کراوە و چەند ڕۆژێکیش پێش ئێستا ڕاگەیێنراومان لەبارەی ئەم هێرشانە بڵاوکردەوە.
 ئەم هێرشە ئەلیکترۆنییانەی سەر کەناڵ8 مانگێک زیاترە بەردەوامن، کە پێشتر بەهۆی پشتگیریی لە دۆزی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن چەند پەیج و ماڵپەرێکی نزیک لە حکومەتی نوێی سووریاوە دەکران. هەروەها لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا هێرشەکان زیاتر چڕکرانەوە، کە زۆر جێگەی سەرسوڕمانە هێرشەکانی ئەمجارە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە بوون و سەرچاوەی ئەو هێرشانەش لە چەندین پەیج و ماڵپەری نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستانەوە دەکرێن، ئەویش دوای ئەوەی کەناڵ8 وەک کاری لەپێشینەی خۆی ڕووماڵە میدیاییەکانی چڕکردەوە لەسەر داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان و گەیاندنی دەنگیان بەهۆی بێزارییان لە گرانیی کارەبای پرۆژەی ڕووناکی.
کەناڵ8 وەرگرانی ئاگاداردەکاتەوە، کە لەگەڵ دامەزراوەی مێتا لە پەیوەندیدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە. دوای چارەسەربوونیشی بەڵێن دەدات کە هیچ گوشار و سانسۆرێک لە گەیاندنی ڕاستی و دەنگی خەڵک ساردی ناکاتەوە و هەمیشە میدیای خەڵکی کوردستان دەبێت و لەژێر درووشمی "تۆ شایەنی ڕاستییت" بەردەوام دەبێت. هەروەها داوا دەکەین ئەو لایەنانەی کە بە ڕووماڵە پیشەیی و میدیاییەکانی کەناڵ8 تەنگەتاو دەبن، لەڕێی سەرچاوە فەرمییەکانیان و میدیاکانیان وەڵامی خەڵک و داواکانیان بدەنەوە، نەک هەوڵی بێدەنگکردن و سڕینەوەی بدەن.
کەناڵ8 داوا لە حکومەت و دەسەڵاتداران دەکات باوەڕیان بە میدیای ئازاد و کاری ڕۆژنامەوانیی پیشەیی هەبێت، چونکە ئەم جۆرە هەوڵانە جارێکی دیکە ئازادیی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان دەخاتەوە ژێر پرسیار و سیمایەکی ناشرین پێشانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدات.

دامەزراوەی میدیایی کەناڵ8
12-2-2026


PM:12:59:12/02/2026




ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌