تۆڕی میدیایی رووداو دووبارە خەڵاتێکی دیکەی نێودەوڵەتی بردەوە. دامەزراوەی خەڵاتە نێودەوڵەتییەکان لە شاری نیویۆرک ئەم ساڵ لە چوارچێوەی (خەڵاتەکانی دیزاینی فەرەنسی)دا، خەڵاتی زیوینی بەخشییە بەشی کرێیتیڤی تۆڕی میدیایی رووداو، لە بواری دیزاینی داهێنەرانە و گرافیک و وێنە روونکارییەکان دا Conceptual Design - Graphic & Illustration.
بەشی کرێیتیڤی رووداو لە ژمارەیەک دیزاینەر و گرافیستی داهێنەر پێکدێت کە بەردەوام کاری نوێگەرییانە پێشکێش دەکەن.
کۆمیتەی خەڵاتەکانی دیزاینی فەرەنسی لە پیرۆزبایینامەکەیاندا نووسیویانە : "تۆڕی میدیایی رووداوی ئازیز، دڵخۆشین پێتان رادەگەیێنین کارە ناوازەکانتان بوونەتە یەکێک لە هێما دیار و جیاوازەکان لەنێو تەواوی پێشەسازی دیزاین دا".
کۆمیتەکە بە رووداوی گوت: "دوای هەڵسەنگاندنێکی تێروتەسەلی کارەکانتان، گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە کارەکانتان نموونەی باڵای نایابی بوارەکەن، چونکە بیرۆکەی بێخەوش و رێبازی داهێنەرانەتان، هەمیشە و لە هەموو رووێکەوە لە سەرووی پێشبینییەکانەوەیە. بۆیە، بە دڵخۆشییەوە رایدەگەیێنین، لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی پیشەگەرانەمان، ئێوە وەک براوەی خەڵاتی زیوینی (خەڵاتەکانی دیزاینی فەرەنسی) بۆ ساڵی 2026 لە بواری (Conceptual Design - Graphic & Illustration)ـدا دەستنیشانکراون."
محەممەد سەفار، بەڕێوەبەری بەشی کرێیتڤی تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت: "ئەم خەڵاتە بۆ هەموو گەنجێکی داهێنەری کوردستانە کە هاوباوەڕمانە لەوەی داهێنان بێ سنوورە. بەردەوام دەبین لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە داهێنان و دەستکەوتی زیاتر لە داهاتوویەکی نزیک دا."
کۆمیتەی خەڵاتەکانی دیزاینی فەرەنسی لە پیرۆزبایینامەکەی دا بۆ رووداو هەروەها نووسی، "دەستکەوتە ناوازەکانتان، وایکردووە هەوڵەکانتان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەرز بنرخێندرێن و رێزیان لێبگیرێت. هەروەها سوپاستان دەکەین لە بەرامبەر بەشداریکردنتان لە خەڵاتەکانی دیزاینی فەرەنسی و بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی پێشکێشکردنی بەرهەمە نایابەکانی دیکەتان دەکەین لە خوولی داهاتووماندا."
رووداو بە چی خەڵاتەکەی بردەوە؟
لە یادی 12 ساڵەی دامەزراندنی رووداو، تیمی کریێتڤ لە رووداو دیجیتاڵ بیریان لە ساڵیادێکی جیاواز کردەوە؛ 12 دیزاینی واتاداریان دروستکرد.
دیزاینەکان لەبارەی بابەتی جیاواز بوون کە پەیوەندیدار بوون بە ژمارە 12وە. بۆ نموونە: 12 سوارەی مەریوان، 12 دادوەر لە سیستمی دادوەریدا و 12 تابلێتە قوڕینەکەی گلگامش و هتد.
کۆنسێپت و دیزاینی کارەکە لە لایەن محەممەد سەفار، بەڕێوەبەری بەشی کریێتڤ کراوە و هێمن بەکر، ئیدیتۆری پێشکەوتوو لە رووداو دیجیتاڵ هاوکاریی بووە لە هەڵبژاردنی بیرۆکەکاندا.
سەرچاوە/ ڕووداو دیجیتاڵ