رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان، رەخنە لەو کەس و میدیاییانە دەگرێ کە رووماڵی میدیایی بۆ دۆسیەی دەرمانی قەدەخەکراو لە پەلەوەرخانەکان بە "تێکدانی ئابووری" ناودەبەن. رەحمان غەریب دەڵێت، "پێش ئەوەی مریشکفرۆش سزا بدرێ، دەبێت ئەو بازرگانە سزا بدرێ کە ژەهرەکەی هاوردە کردووە."
رۆژی هەینی، 27ی شوباتی 2026، رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ لە بڵاوکراوەیەکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک گوتی، "ئەگەر بازرگانی چاوچنۆک دەست بەسەر بازاڕدا بگرێت، رەنگە دەرمانەکە خۆی ببێتە هۆی نەخۆشی". رەحمان غەریب دەپرسێت، "ئەگەر وەزارەتی کشتوکاڵ جەختی لە بەکارهێنانی دەرمانی قەدەخەکراو کردووەتەوە، میدیا کە رووماڵی ئەمە بکات، بۆچی دەنگی نەشازە؟"
رێکخەری سەنتەری میترۆ چەند نموونەیەکی نێودەوڵەتی وەک بەراوردکاری هێناوەتەوە بۆ ئەوەی نیشانی بدات "لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا تەندروستیی خەڵک لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە" و نووسیویەتی:
- ئەمریکا: ساڵی رابردوو بەهۆی بوونی پارچە کانزا، دوو ملیۆن کیلۆگرام مریشکی لە بازاڕەکان کۆکردەوە و نەیانگوت "خۆمان دەیخۆین و سەلامەتە."
- ئەڵمانیا: ساڵی 2011 فرۆشتنی بەرهەمی چوار هەزار و 700 کێڵگەی راگرت بەهۆی گومانی مادەی شێرپەنجەهێن لە خۆراکەکانیان و کەسیش نەیگوت ئەمە "پیلانە" دژی بەرهەمی ناوخۆ.
- سوێد و فەرەنسا: لە کاتی بڵاوبوونەوەی ئەنفلەوەنزای باڵندە لە ساڵانی 2024 و 2025، دەسەڵاتداران زانیارییەکانیان نەشاردەوە و بەرهەمەکانیان لەناوبرد، نەک بەناوی "رەمەزان"ەوە ساخی بکەنەوە.
"ئەگەر مادەی هۆشبەر بێت، فیوراڵتادۆنیش دێت"
رەحمان غەریب ئاماژەی بە چالاکییەکی ئەم دواییەی دەزگای ئاسایشی هەرێم (سلێمانی) کردووە کە تێیدا "700 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر" دەستی بەسەردا گیرا و دەڵێت، "کە ئەم ژەهرانە لەودیو سنوورەوە بێن، ئاساییە فیوراڵتادۆنـیش بێت."
رێکخەری میترۆ دەستخۆشی لە هێزە ئەمنییەکان دەکات کە "توانیویانە ئەو مادە قەدەخەکراوە (فیوراڵتادۆن) ئاشکرا بکەن، پێش ئەوەی بگاتە سەر خوان و سفرەی هاووڵاتییان."
رەحمان غەریب باس لەوە دەکات، قایمقامی سلێمانی ئاشکرای کردووە کە 18 کەس بەنیازبوون ئەو دەرمانە بەکاربێنن، بەڵام رێگرییان لێ کراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "دابەزینی نرخی مریشک نابێت ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی میدیا بێدەنگ بکرێت."
رەحمان غەریب باس لەوە دەکات، "نابێت هیچ لایەنێک بە ناوی ئاسایشی نەتەوەیی یان پاراستنی ئابووری زانیارییەکان لە خەڵک بشارێتەوە، چونکە مافی سەرەکیی هاووڵاتییانە بزانن ئەو خۆراکەی دەیخۆن تا چەند سەلامەتە."
بەپێی بەدواداچوونی بەرنامەی (لەگەڵ رەنج)ی تۆڕی میدیایی رووداو، فیوراڵ تادۆن کە لەسەر ئاستی جیهان قەدەخەیە، خراوەتە نێو قوتوویەک کە لەسەری نووسراوە "سوپەر ماکس"، هێندراوەتە کوردستان، بە کواڵیتی کۆنترۆڵدا تێپەڕیوە و پارەی پشکنینیشی دراوە.
ئەو دەرمانە لە ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا و چین و هەموو وڵاتان قەدەخەیە و دەدرێتە مریشک و بە خواردنی گۆشتەکەی مرۆڤ تووشی شێرپەنجە دەکات.
رەنج سەنگاوی، بە هاوکاریی ئاسایشی هەرێم، دەرگای زیندانی کردەوە و چووە نێو ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە هێنان و بازرگانیکردن و بەکارهێنانی دەرمانەکە. یەکێک لەوانە، پزیشكێکی ڤێتێرنەری بوو کە بە رەچەڵەک عەرەب بوو، بە کوردییەکی مامناوەند قسەی کرد و گوتی، خاوەنی کۆمپانیایەک خۆی "پەیوەندی بە کۆمپانیایەکی چینەوە کرد و داوای لێکرد لەنێو قوتوویەکی دیکەدا بینێرن."
یەکێکی دیکە لە دەستبەسەرکراوەکان کە خاوەنی کۆمپانیای دەرمانی پەلەوەر و پەلەوەرخانەیە، قسەی بۆ رەنج کرد و گوتی، "لە ساڵی 2021ـەوە لەگەڵ کۆمپانیایەک لە چین کار دەکەم، لە 2025 دەرمانەکەم پەیداکرد کە کار لەسەر ڤایرۆسی مریشک دەکات، خستمانە قوتوویەکی دیکەوە و هاوردەمان کرد."
سەرچاوە/ ڕووداو