نزیکەی دوو هەفتەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی چەند راگەیەندراوێکی هەڕەشەئامێزەوە، مافی رووماڵکردنی هێرش و هەڕەشە ئەمنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان لە میدیا ناوخۆییەکان سەندووەتەوە.
وەک دەزگایەکی پیشەیی، پێمان باشە ئەم خاڵانە بخەینەڕوو:
جێگەی سەرسوڕمانە فەرمانگەی میدیا و زانیاری، کە ئەرکی ئاسانکارییە بۆ میدیا، زمانی هەڕەشەی داخستن و کێشانەوەی مۆڵەت بەرامبەر دەزگاکان بەکاردەهێنێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە پسپۆڕانی یاسایی جەخت دەکەنەوە هیچ دەقێکی یاسایی نییە رێگری لە هاووڵاتییان بکات زانیاری و ڤیدیۆ بە میدیا بدەن
قەدەغەکردنی رووماڵ، رێگری لە بڵاوبوونەوەی زانیاری نەکردووە، بەڵکو تەنیا سەرچاوەکەی گۆڕیوە، ئێستا هاووڵاتییان لەجیاتی میدیا سەرڕاست و پیشەییەکانی خۆمان، زانیارییەکانیان لە پەیجە گوماناوییەکانی تەلەگرامی تەمومژاوی و سۆشیال میدیای بێسەروبەر و میدیا بیانییەکانەوە وەردەگرن، ئەمەش زەمینە خۆش دەکات بۆ بڵاوبوونەوەی هەواڵی چەواشەکارانە و پڕوپاگەندەو تێکدانی دەروونی خەڵک.
خەڵک گوێیان لە زرمەکەیە و دیمەنی سیستەمی بەرپەرچدانەوە دەبینن و ماڵەکەیان دەلەرێتەوە، بەڵام نازانن دوای ئەوە چی روویدا، ئەمەش سەرەنجامەکەی بێمتمانەیی لێ دەکەوێتەوە و ئاسان نییە دواتر باوەڕ بە گێڕانەوەی درەنگوەختی فەرمی بکەن.
نموونەی ئەمشەوی هێرشەکەی سەر بارەگای پێشمەرگەو ئەوانەی پێشووش سەلمێنەری نادروستی ئەم بڕیارانەیە، لە کاتێکدا میدیا جیهانییەکان و تەلەگرامی وەکو سابرین نیوز و نایا و میدیای ئێرانی هەواڵەکەیان بڵاوکردەوە و باسیان لە لێدانی بارەگای ئەمەریکی و ''جوداخوازەکان" کرد، میدیای ناوخۆیی بە ناچاری بێدەنگ بوو، دامەزراوە ئەمنی و فەرمیەکانیش دوای 8 کاتژمێر زانیاری کورتیان بڵاوکردەوە. ئەم بێدەنگییە بێمتمانەیی لەنێوان خەڵک و دەسەڵاتدا دروست دەکات.
داوا لە حکومەت دەکەین پێداچوونەوە بەم بڕیارانەدا بکات. پێشنیارمان روونە:
یان وەک وڵاتانی دەرودراوسێ، دەستبەجێ دوای هەر رووداوێک زانیاری تەواو بە خەڵک بدەن.
یان دەست و پێی میدیا ناوخۆییەکان مەبەستن و لێگەڕێن وەک سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو کار بکەن.
هەروەها پێشنیارمان بۆ سەنتەری میترۆو سەندیکای رۆژنامەنووسان ئەوەیە گفتوگۆ لەگەڵ دامەزراوەکانی حکومەت بکەن کە بەپێی یاسای دەستکەوتنی زانیاری کە خەڵک مافی خۆیانە بزانن چی روودەدات و ئەرکی میدیاکاران ئەوەیە کە زانیاریەکان بڵاوبکەنەوە.
لە کاتە سەختەکاندا، میدیای کوردی پیشەیی، هەمیشە سەلماندوویەتی کە قەڵغانی پاراستنی ورەی خەڵک و دروستکردنی کۆدەنگی نیشتمانی بووە، ئەزموونی رووداوەکانی رۆژئاواو هێرشە جیاوازەکانی رابردوو بۆ سەر هەرێمی کوردستان، شایەتیی ئەوە دەدەن کە میدیا چۆن توانیویەتی پاڵپشتییەکی گەورەی جەماوەری و هاوسۆزی بۆ قەوارەی هەرێم و هێزی پێشمەرگە دروست بکات. حکومەت بۆ دروستکردنی ئەم پشتیوانییە هەمیشە پێویستی بە میدیای خۆماڵی بووە؛ ئەمجارەش هیچی لە جارەکانیتر کەمتر نییە و میدیا دەتوانێت هەمان رۆڵی نیشتمانی خۆی بگێڕێت، ئەگەر دەستی نەبەسترێت.
میدیاکارێک کە خۆی و خێزانەکەی لەم نیشتمانەدا دەژین، زۆر لە سەرچاوە نادیارەکان دڵسۆزتر و راستگۆتر زانیارییەکان دەگەیەنێت.
964