ژووری ڕۆژنامەوانیی بزووتنەوەی گۆڕان پیرۆزبایی لە سەنتەری میترۆ دەكات



ژوری ڕۆژنامەوانیی بزووتنەوەی گۆڕان پیرۆزبایی ١٧هەمین ساڵیادی دامەزراندن لە سەنتەری میترۆ  دەكات و تێیدا دەڵێت: ئێمە لە کاتێکدا ئەم یادەتان لێ پیرۆز دەکەین، جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆمان دەکەینەوە بۆ پشتیوانیکردنی تەواوەتی لە فراوانکردنی مەوداکانی ئازادیی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەگەری.
هەروەك دەڵێت: داکۆکیکردن لە ژینگەیەکی ئازاد دەكەین کە تیایدا میدیاکاران بتوانن بەبێ ترس و سانسۆر و بەوپەڕی پیشەییبوونەوە ڕوماڵی ڕووداوەکان بکەن پشتیوانی بەهێزکردن و پاراستنی پێگەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی شارستانی دەكەین، وەک کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی بۆ چاودێریکردنی دەسەڵات و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ.
پەیامەكە:
بەڕێزان ڕێکخەران و ئەندامانی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان،
بەبۆنەی تێپەڕبوونی (١٧) ساڵ بەسەر دامەزراندنی سەنتەرە بەڕێزەکەتان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوە و سەرجەم ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازانی کوردستان دەکەین.
لە ماوەی حەڤدە ساڵی ڕابردودا، سەنتەری میترۆ وەک دەنگێکی دیار و داکۆکیکار لە مافی ڕۆژنامەنوسان و پێشێلکارییەکان، هەروەها چاودێریکردنی ڕەوشی ئازادیی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان؛ ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی گێڕاوە. مایەی دەستخۆشی و پێزانینە کە هەر لەم ڕۆژەدا و هاوکات لەگەڵ ساڵوەگەڕی دامەزراندنەکەتاندا، لە خەمی بەرەوپێشبردنی کاری ڕاگەیاندن و سازدانی گفتوگۆ و مێزگردی بونیادنەراندان بۆ پرسی «پیشەییبوونی میدیا لەکاتی ململانێکاندا»، کە ئەمەش نیشانەی زیندوێتی و خەمی بەردەوامی ئێوەیە بۆ میدیای کوردی.
ئێمە لە کاتێکدا ئەم یادەتان لێ پیرۆز دەکەین، جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆمان دەکەینەوە بۆ:
 # پشتیوانیکردنی تەواوەتی لە فراوانکردنی مەوداکانی ئازادیی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەگەری.
 # داکۆکیکردن لە ژینگەیەکی ئازاد کە تیایدا میدیاکاران بتوانن بەبێ ترس و سانسۆر و بەوپەڕی پیشەییبوونەوە ڕوماڵی ڕووداوەکان بکەن.
 # بەهێزکردن و پاراستنی پێگەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی شارستانی، وەک کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی بۆ چاودێریکردنی دەسەڵات و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ.
باوەڕی تەواومان وایە کە کۆمەڵگەی پێشکەوتوو و پرۆسەی دیموکراسیی تەندروست، بەبێ بوونی میدیایەکی ئازاد و کۆمەڵگەیەکی شارستانیی چالاک نایەتە دی.
ژوری ڕۆژنامەوانیی بزووتنەوەی گۆڕان
١١ی ئابی ٢٠٢٦


PM:12:05:11/08/2026




ئه‌م بابه‌ته 20 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌