هێزە ئەمنییەکانی چوارتا ڕێگرییان لە ڕووماڵکردنی تیمی میدیایی کوردستان تیڤی کرد



 ٢٧-٩-٢٠٢٦ یەکشەممە هێزە ئەمنییەکانی قەزای چوارتا لە پارێزگای سلێمانی، ڕێگرییان لە تیمی میدیایی بەرنامەی کلتووریی "ئارۆ"ی سەر بە کەناڵی کوردستان تیڤی کرد لە کاتی تۆمارکردنی دوا زنجیرەی بەرنامەکەیاندا.
بەپێی زانیارییەکانی ئەڤین عەتا، بۆ سەنتەری میترۆ :  لە کاتی ئامادەکاری بۆ تۆمارکردنی بەرنامەکە لە چوارتا، لەلایەن دوو کارمەندی ئاسایشەوە بە جلوبەرگی مەدەنییەوە ڕێگرییان لێکراوە. 
ئاسایشەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕێگە نادرێت هیچ کەناڵێکی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان ڤیدیۆ و ڕووماڵ تۆمار بکات.
تیمی کارکردن کە لە ئەڤین عەتا و کامێرامانان (ژیار کامیل و یادگار حسێن) پێكهاتبوون، ئاماژەیان بەوە داوە کە بەرکەوتنیان لەگەڵ کارمەندانی ئەمنی تەنها لە ئاستی گفتوگۆدا بووە و هیچ ناکۆکییەکی گەورە لە نێوانیان ڕووی نەداوە، جەختیشیان کردەوە کە پێشتریش ئەم بەرنامەیەیان لە زۆربەی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بێ ئاستەنگ جێبەجێ کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی سەنتەری میترۆ، زۆرترین پێشێلکاری کە ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسان دەبێتەوە ڕێگرییە، و ڕێگریش پێشێلکارییە بەرانبەر بە یاسای کاری ڕۆژنامەگەری و پێویستە هەموو دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم ڕێزی لێ بگرن. 
بەرنامەی "ئارۆ"، بەرنامەیەکی مەیدانی، کلتووری و مێژوویی هەفتانەیە بەرنامەکە تایبەتە بە گەشتکردن بۆ شار و شارۆچکە جیاوازەکانی کوردستان (لەوانە شارەزوور، عەربەت و مەندەلی) بە مەبەستی ناساندنی مێژوو، دابونەریت و شێوازی ژیانی خەڵکی ناوچەکە.


AM:10:24:06/10/2026




ئه‌م بابه‌ته 84 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌