حکومەتی بەریتانیا لە ڕاپۆرتێکی فەرمیدا: سەنتەری میترۆ و تۆڕی هاوپەیمانی 19 وەک سەرچاوەی متمانەپێکراو بەکاردەهێنن





وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، لە نوێترین ڕاپۆرتی فەرمیی خۆیدا سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ، ئازادیی ڕادەربڕین ڕەخنەگران و ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، پشتی بە ڕاپۆرت، داتا و چاودێرییەکانی سەنتەری میترۆ و تۆڕی هاوپەیمانی 19 بەستووە و ناوی ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆی وەک لایەنێکی سەرەکیی زانیاری بەکارهێناوە.

ڕاپۆرتەکەی حکومەتی بەریتانیا کە لەژێر ناونیشانی: "کورتەی زانیاری و سیاسەتی وڵات: دۆخی ئۆپۆزسیۆنی حوکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق" بڵاو کراوەتەوە، گرنگییەکی تایبەت بە دۆخی ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان و ئازادیی چالاکیی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان دەدات و بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوشەکە، پشت بە ئامار و بەدواداچوونەکانی ڕێکخراوە خۆجێییە داکۆکیکارەکان دەبەستێت.

 ڕاپۆرتە فەرمییەکەی حکومەتی بەریتانیا، وەک ڕێنیشاندەرێک بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان و دادگا و دەزگاکانی کۆچی ئەو وڵاتە لە کاتی تاوتوێکردنی داواکارییەکانی پەنابەریدا بەکاردێت، بە شێوەیەکی فراوان باسی لەو ژینگەیە کردووە کە تێیدا ڕەخنەگران، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ئاستەنگ و گوشاری دەسەڵاتداران و هێزە ئەمنییەکان دەبنەوە. هەروەها بۆ سەلماندن و پشتڕاستکردنەوەی ئەو پێشێلکاری و گوشارانەی لەسەر ئازادیی رۆژنامەگەری هەن، پشت بەو ڕاپۆرت و زانیارییانە دەبەستێت کە لەلایەن سەنتەری میترۆ و تۆڕی هاوپەیمانی 19ـەوە تۆمار کراون،  ناوی ڕەحمان غەریب وەک شایەتحاڵ، سەرچاوەی سەرەکی و چاودێری پیشەیی لەو ڕوانگەیە وەرگرتووە کە ڕەوشی مافی ڕۆژنامەنووسان و ئازادیی ڕادەربڕینی لە ناوچەکەدا بە داتا بەڵگەدار کردووە.

لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەدا، دۆخی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و کاری میدیایی وەک یەکێک لە مەترسییە سەرەکییەکان وەسف کراوە. ئاماژە بەوە دراوە، ڕۆژنامەنووسان و کارمەندانی ڕاگەیاندن، بەتایبەت ئەو کەسانەی ڕووماڵی گەندەڵی، کەیسەکانی حوکمڕانی و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ یان خۆپیشاندانەکان دەکەن، بەردەوام لە مەترسیی ترساندن، هەڕەشە، دەستگیرکردنی هەڕەمەکی، لێدانی فیزیکی، توندوتیژی و سەپاندنی ڕێگری لە کارەکانیان و دادگاییکردندا دەژین. 

هەروەها ڕاپۆرتەکە باسی لە دۆخی سیاسی، چالاکیی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان و لایەنە ڕەخنەگرەکان کردووە، ئاماژەی بەوە داوە، بەپێی یاسا ڕێگە بە چالاکیی سیاسی و بەشداریکردن لە هەڵسەنگاندن و دەنگدان دراوە، بەڵام لە کرداردا چالاکوانان و کەسایەتییە رەخنەگرەکان لە کاتی ناڕەزایەتییەکان یان دەربڕینی هەڵوێستدا کەمتازۆر ڕووبەڕووی بەدکاری و توندوتیژیی هێزە ئەمنییەکان بوونەتەوە. 

لە تەوەری مافی خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی گشتیشدا، ڕاپۆرتەکە روونی کردووەتەوە، خۆپیشاندانەکانی پەیوەست بە نەبوونی مووچە، خراپی خزمەتگوزاری و گەندەڵی، لە هەندێک حاڵەتدا تووشی دەستوەردانی ئەمنی و بەکارهێنانی هێز و گرتنی هەڕەمەکی بوونەتەوە، لە هەمان کاتدا ئاماژە بەوەش دراوە کە بەشێکی زۆر لە خۆپیشاندانەکانیش بەبێ دەستوەردانی ئەمنی بەڕێوەچوون.

لە کۆتایی راپۆرتەکەدا، حکومەتی بەریتانیا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەندامان و لایەنگرانی ئاسایی پارتە سیاسییەکان مەترسییەکی کەمتریان لەسەرە، بەڵام سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن، ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانە دیارەکان و ڕەخنەگرە دەنگدلێرەکانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، ئەگەرێکی زۆری هەیە ڕووبەڕووی سەرنجی نەرێنی و گوشاری دەزگا ئەمنیی و هێزە حزبییەکان ببنەوە. لەم سۆنگەیەوە زانیارییەکانی سەنتەری میترۆ و تۆڕی هاوپەیمانی 19 دەبنە بنەمایەکی باوەڕپێکراو بۆ وڵاتانی دەرەوە بۆ تێگەیشتن لە قەبارەی ڕاستەقینەی پێشێلکارییەکان و دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستاندا.


AM:10:15:25/10/2026




ئه‌م بابه‌ته 68 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌