ئەمڕۆ، 25ی تشرینی دووەمی 2026، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، کە دەستپێکی 16 ڕۆژی چالاکیی دژی توندوتیژی جێندەرییە، سەنتەری میترۆ و تۆڕی هاوپەیمانی 19 هەڵوێستی پتەوی خۆیان لە دژی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و هەراسانکردنی ژنان و کچان دووپات دەکەنەوە.
ئێمە پێمان وایە هەموو ژنێک مافی ئەوەی هەیە بە سەلامەتی و کەرامەت بژی و بە ئازادی بیروبۆچوونەکانی دەرببڕێت و بە یەکسانی بەشداریی ژیان بکات و بە بێ ترس و تۆقاندن و جیاکاری سوود لە مافەکانی وەربگرێت.
وەک ڕێکخراوێک کە پابەندە بە بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و مافی ڕۆژنامەنووسان، سەنتەری میترۆ جەخت لەسەر گرنگی پاراستنی خانمانی ڕۆژنامەنووس دەکاتەوە، کە بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی جیاکاری ڕەگەزی، هەڕەشە، هەراسانکردن و جۆرەکانی تری توندوتیژی لە کارەکانیاندا.
پاراستنی ژنان کاری زیاتری لە ئیدانەکردنی توندوتیژی دەوێت؛ پێویستی بە پاراستنی یاساییی فیعلی، لێ پرسینەوە لە تاوانباران، دەرفەتی یەکسان و ژینگەیەک هەیە کە ژنان تێیدا بتوانن بە ئازادی بەشداریی کۆمەڵگە و میدیاکان بکەن.
ئێمە پابەند دەبین بە داکۆکیکردن لەم بنەمایانە و پشتیوانیکردن لە مافەکانی ژنان و کارکردن بۆ کۆمەڵگەیەک کە لەسەر یەکسانی و دادپەروەری و کەرامەت و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ دامەزرابێت.