میری برادۆست سەردانی میترۆی كرد



میر فەیسەڵ خان برادۆستی رایگەیاند هاتووم بۆ سەنتەری میترۆ تادەستخۆشی لەكارەكانتان بكەم و پشتیوانی خۆم بۆ ئامانجەكانی رێكخراوەكەتان لە فراوانكردنی ئازادی راگەیاندن و رادەربڕین دەرببڕم، كە ئامانجێكی پیرۆزو مافێكی رەوایە.

قسەكانی میری برادۆست لە میانەی سەردانێكی بوو بۆ ئۆفیسی سەرەكی سەنتەری میترۆ لە شاری سلێمانی، پێنج شەممە 17ی نیسانی 2025، بەیاوەری مەحمود خۆشناو راوێژكاری پەرلەمانی كوردستان، كەریم خان فەیسەڵ كەریم خان.

رێكخەری سەنتەری میترۆ بە گەرمی بەخێرهاتنی میوانەكانی كرد و خۆشحاڵی بەسەردانی (میر فەیسەڵ خان) دەربڕی كە دەرخەری پشتیوانیكردنە بۆ بەهێزكردنی رێكخراوەكان و هاندانیان بۆ كاری مەدەنی ئاشتیخوازانە و چاودێریكردنی مافەكانی مرۆڤ.
هەروەها بە كورتی باسی لە دەرفەت و ئاستەنگەكانی بەردەم كاری میدیایی كرد، هەروەها داوای كرد هەموو چالاكوانێكی سیاسی و هێزی كۆمەڵایەتی بەشێكبن لە بەرگری لەو ئامانجانە و چەسپاندنیان لە هەرێمی كوردستان.

هەر یەك لە هاوكاران دیاری محمد، بەرێوەبەری سەنتەری میترۆ و شایی ئاسۆ، رێكخەری تۆڕی 19 باسیان لە گرنگترین وێستگەی چالاكییەكان و بەرنامەكانی میترۆ و تۆڕی 19 كرد.

میر فەیسەڵ خان برادۆستی سوپاسی پێشوازی گەرمی تیمی میترۆی كرد، ووتی" هاتووم بۆ سەنتەری میترۆ تادەستخۆشی لەكارەكانتان بكەم و پشتیوانی خۆم بۆ ئامانجەكانی رێكخراوەكەتان دەرببڕم كە بۆ فراوانكردنی ئازادی راگەیاندن و رادەربڕینە، كە ئامانجێكی پیرۆزە و مافێكی رەوایە".

هەروەها تیمی میترۆ سوپاسی تایبەتی چاودێری سیاسی و راوێژكاری پەرلەمانی كوردستان (مەحمود خۆشناو)یان كرد كە لەماوەی رابردوودا لە دیدارو چاوپێكەوتنەكانیدا هەڵسەنگاندنی بۆ كاری رێكخراوەكەمان هەبووە و راپۆرتەكانی میترۆی وەك سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو وەسفكردووە.


AM:10:11:20/04/2025




ئه‌م بابه‌ته 112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌