سلێمانی، میترۆ: باڵوێزی ئوستراڵیا لە عێراق، گلێن مایڵز لەكاتی سەردانی بۆ سەنتەری میترۆ و كۆبونەوەی لەگەڵ ستافەكەی رایگەیاند بە بەیاخەوە تەماشای رۆڵی چاودێركردنی سەنتەری میترۆ دەكەین، ئازادی رۆژنامەگەری و رادربڕین یەكسانە بە كۆمەڵگای دیمۆكراسی.
5ی ئایاری 2025 تیمی سەنتەری میترۆ پێشوازییان كرد لە گلێن مایڵز، باڵوێزی ئوستراڵیا لە عێراق و ئیڵیۆت مان، سكرتێری دووەمی سیاسی لە باڵوێزخانەی ئوستراڵیا.
سەرەتا رێكخەری سەنتەری میترۆ بە گەرمی بەخێرهاتنی جەنابی باڵویزی كرد خۆشحاڵی دەربڕی كە سەردانەكەی پێزانینی بۆ بایەخدانی باڵوێزخانە دەربڕی بۆ سەنتەری میترۆ و كارەكانی، ئەمە دووهەمین سەردانی باڵوێزخانەكەیانە بۆ سەنتەری میترۆ، باڵوێزی پێشووی ئوسترالیا (پاولا ئیلیزابیس گانلی)، لە عێراق، لەكاتی سەردانی بۆ شاری سلێمانی سەردانی میترۆی كردووە.
رەحمان غەریب، باسی دواهەمین راپۆرتی پەیامنێرانی بێسنوور بۆ ساڵی 2025 كرد، كە تیایدا عێراق لە پلەی 155ی جیهانیدایە، پێشتر ساڵی 2024 لە پلەی 169 و لە ساڵی 2023 لە پلەی 172 بوو، ئەم گۆڕانكارییە لە پلەی عێراق لە ناویدا هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری گەورە نین لە كاتێدا زیندانیكردن و توندوتیژی و شاردنەوەی زانیاری رۆژنامەنووسان و دەربازبوون لە سزا باڵی بەسەر ژینگەی رۆژنامەگەری كێشاوە ووتی" سەرباری هەژموونی پارتە سیاسییەكان و كۆمپانیاكانیان بەسەر میدیا، باری دارایی دامەزراوە رۆژنامەگەری سەربەخۆ لە پاشەكشەدایە و پێویستی بە كۆمەكی نێودەوڵەتی نیشتمانی بێمەرج هەیە".
هەروەها دیاری محمد بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ تیشكی خستە سەر گرنگترین ئەو ئاڵەنگاریانەییانەی ئەم ساڵ رووی لە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی كردوە، چەند پێشنیازێكی خستە بەردەم باڵوێز تا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هەرێمی كوردستان و عێراق كاری لەسەر بكەن.
شایی ئاسۆ رێكخەری تۆڕی 19 باسی فەزای مەدەنی و ناڕازیەتییەكان و داتای خۆپیشاندانی چوار مانگی رابردووی خستەڕو، كە لە هەندێ لەو چالاكیانە هێزی ئەمنی پەنای بۆ توندوتیژی دەستگیركردنی خۆپیشاندەر بردووە.
باڵوێزی ئوستراڵیا لە عێراق، خۆشحاڵی بە كۆبونەوەی لەگەڵ ستافی میترۆ دەربڕی چونكە كارێكی گرنگ دەكەن لە بواری چاودێركردنی رەوشی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری، چونكە ئازادی رۆژنامەگەری و رادربڕین یەكسانە بە كۆمەڵگای دیمۆكراسی.
لەو كۆبونەوەیە كە زیاتر لە دوو كاتژمێری خایاند، چەندین تەوەری تری پەیوەندیدار بە كارو چالاكییەكانی سەنتەری میترۆ باس كران.