ئەمڕۆ 4ی ئاب، تیمی سەنتەری میترۆ پێشوازییان كرد لە رۆژنامەنووسی سەربەخۆ (مەحمود یاسین كوردی). گفتوگۆیان لە بارەی گۆرانكاریەكانی میدیا و هەوڵەكانی دەسەڵات بۆ كۆنترۆڵكردنی میدیا و كۆمەڵگەی مەدەنی كرد.
سەرەتا رێكخەری سەنتەری میترۆ بە گەرمی بەخێرهاتنی رۆژنامەنووس مەحمود یاسین كوردی كرد و هیوای خواست بەردەوام لە كارەكانیدا سەركەتوو بێت. مەحمود یاسین، خۆشحاڵی بە دیدارەكە دەربڕی، هیوای خواست كار و چالاكییەكانی سەنتەری متیرۆ بەردەوام بێت و ئاستەنگەكانی بەردەم كاری رۆژنامەگەری نەمێنێت.
رێكخەری میترۆ باسی لە دیمەنی رۆژنامەگەری هەرێمی كوردستان و هەندێك لە گرنگترین گۆڕانكارییەكان، پەیوەندی پارە بە سەربەخۆیی میدیاكان، و دزە كردنی دەست و گوتاری دەسەڵات بۆ ناو ژووری هەواڵ و هەوڵی كۆنترۆڵ كردنیان، هەروەها خۆڕاگری و بەردەوامی كەمینەیەك لە میدیاكاری سەربەخۆ و پیشەیی لەناو ئەم ژینگە پڕ لە ئاڵەنگارییە كرد.
رێكخەری میترۆ گووتی، "دەسەڵاتی سیاسی بە چڕی كار لەسەر میدیا و كۆمەڵی مەدەنی دەكەن بە ئامانجی دروستكردنی گوتارێك كە رای گشتی ئاراستە بكات و فەزای گشتی داگیربكات" گووتیشی" بەوردی چاودێری ئەو میكانیزمانە دەكەین كە دەیانەوێ كۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا ملكەچی بەرژەوەندییەكانی دەسەڵات بكەن بەرەو قوڵكردنی ئەو پەیوەندیەی كە هاوپەیمانێتیە لەتاریكیدا و دژایەتی كردنی یەكترە لە روناكییدا"
لە بەشێكی دیدارەكەدا، رێكخەری میترۆ و مەحمود یاسین كورد باسیان لە سەردەمی زێڕینی میدیای ئەهلی و سەربەخۆ كرد، كە هەردووكیان ساڵانێك كاریان تیا كردووە، سەرباری كەمی ئامراز و داخستنی دەرگای زانیاری بە رووی پەیامنێرەكانی، كاریگەری هەبوو، سنوری خۆی و دەسەڵاتی سیاسی دیاری كردبوو، سەربەخۆی و ئەخلاقی پیشەكەی پاراستبوو، دركی بە مەترسییەكانی لایەنگری دەكرد و دەیان مەسەلەی تایبەت بە ئەخلاقی پیشەكەی دەزانی.