رێكخەری سەنتەری میترۆ رایگەیاند پاشەكشەی ئازادی راگەیاندن و رادەربڕین، ئازادی سیاسی و سەندیكایی و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستان و ئەزمونەكەی، كە دەسەڵاتی سیاسی نایەوێت لەم راستییە تێبگات.
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، سێشەممە، 2ی ئەیلولی 2025، لە ئۆفیسی سەرەكی سەنتەری میترۆ لە شاری سلێمانی، تیمی میترۆ پێشوازییان كرد لە ماتیاس ڤیلەر، جێگری كونسوڵی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ لە هەولێر، رێبیكا ماتێس، كونسوڵی كاروباری سیاسی و ئابوری و راگەیاندن كرد.
سەرەتا تیمی میترۆ بە گەرمی بەخێرهاتنی وەفدەكەی كرد، سوپاسی سەردانەکەی كردن لە باردوخێكدایە كە رووداوەكان لە هەرێمی كوردستان بە پەلە تێدەپەڕن، كە بە دڵی ئێمە نییە.
ماتیاس ڤیلەر، جێگری كونسوڵی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ لە هەولێر، سوپاسی پێشوازییەكەی كردو خۆشحاڵی دەربڕی بۆ یەكەم دیداری ئەو لەگەڵ سەنتەری میترۆ و یەكەمین سەردانی بۆ شاری سلێمانی.
رێكخەری سەنتەری میترۆ باسی پاشەكشەی ئازادی راگەیاندن و رادەربڕین، ئازادی سیاسی و سەندیكایی و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، كرد كە چۆن كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستان و ئەزمونەكەی، كە دەسەڵاتی سیاسی نایەوێت لەم راستییە تێبگات.
لەو دیدارەدا، تیمی میترۆ بە وردی چوونە ناو پرسی ئازادییەكان لە هەرێمی كوردستان بە تایبەتیش ئازادی راگەیاندن، داخستنی كەناڵی زووم، سەرلەنوێ دادگاییكردنەوەی شێروان شێروانی، بەكار هێنانی دادگا بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێی سیاسی، روداوە خوێناوییەكەی گردی سەرچنار و كاریگەری لەسەر ئازادی كاری سیاسی، حوكمدانی شاسوار عەبدالواحید و ئامادەنەبوونی پرەنسیپی یەكسانی هەمووان لەبەردەم دادگاو هەندی پرسی تر، قسەیان لەبارەوە كرا.
ئەو دیدارە كە كاتژمێرێكی خایاند، هێمن مەحمود بەڕێوەبەری كەناڵی زووم لە بەشێكیدا ئامادەی بوو، باسی لە رەوشی هاوكارانی كرد كە 200 كارمەندن، هەروەها داگیركردنی كەناڵەكەیان و داخستنی ئۆفیسەكەی و زەوتكردنی كەرەستەكانی، كە تا ئەمڕۆ وەك خۆیەتی.