چوارشەممە، 10ی ئەیلولی 2025، پێشوازیمان لە هاوكارانمان لە تیمی دامەزراوەی میدیای شار پرێس كرد.
دیدارەكە دەرفەتێك بوو بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا لە بارەی ژینگەی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری و دەرفەت و ئاستەنگەكانی بەردەم پێشخستنی.
هەردولا هاوڕابووین لە گرنگی هەمئاهەنگی و بەهێزكردنی پشتیوانی نێوان دەزگاكانی راگەیاندن و دەوڵەمەندكردنی ئەو پێشنیازانەی كە دوێنێ لە مێزگردێكی درەو میدیا سەرۆكی دامەزراوەی شار پرێس رۆژنامەنووس كەمال رەئوف، خستییە روو.
هەروەها باس لەو هەڵمەتە كرا، كە هەندێ نوسەر بە هاندان و دەستخۆشی هەندێ بەرپرس، بەناوی وتارەوە پێشنیاز دەخەنە بەردەم حزبەكانیان بۆ بەرتەسکكردنەوەی ئازادی كاری رۆژنامەگەری و رادەربڕین و ئازادی سیاسی و رێكخراوەیی.
ئامادەبووانی كۆبونەوەی هاوبەشی شار پریس و سەنتەری میترۆ جەختیان كردەوە كە لە ئاست ئەو هەڵمەتی بەخشینەوەی درۆو فشارانە بێدەنگ نەبن و وڵامی بەجێێیان بدرێتەوە.