نوێنەری تۆری هاوپەیمانی 19 لە تونسە




رۆژانی16 بۆ 21ـی ئەیلوولی 2025، كانی عومەر، بەرپرسی پەیوەندییەكانی تۆڕی هاوپەیمانی 19، بەشداری خولێكی ڕاهێنان لە وڵاتی تونس كرد،  لەلایەن Gulf Centre for Human Rights رێكخرابوو.
ڕاهێنانەكە بەناونیشانی "ڕاهێنانی دەستەبەری ئاسایشی هەمەلایەن” بۆ ژمارەیەك لە پارێزەر، ڕۆژنامەنووس، كەسانی یاسایی و داكۆكیكاری مافی مرۆڤ لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی ڕێكخرابوو. بەشداربووان لە وڵاتانی: عێراق، بەحرەین، كوەیت، عومان، فەلەستین و ئەردەن ئامادەبوون. 
مافەكانی مرۆڤ بەدیاریكراویش ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەریی لە جیهاندا پاشەكشەی كردووە، بەدیاریكراویش وڵاتانی عەرەبی و خلیجی عەرەبی بەهۆی سیستەمی حوكمڕانییەوە، لەبری پێشەوەچوون تا دێت زیاتر دەبێتە مایەی ترسی داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ. 
لەو چوارچێوەیەدا، ناوەندی خەلیج بۆ مافی مرۆڤ  Gulf Centre for Human Rightsخولێكی ڕاهێنانی بۆ ژمارەیەك چالاكی ئەو بوارە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی ڕێكخستبوو، تێیدا شێوازێكی نوێی ڕاهێنانی پەیڕەوكرد كە دەستەبەری ئاسایشی هەمەلایەن بوو، بەپێچەوانەی شێوازە نەریتییەكان كە تەنها تیشكۆی دەخستەسەر یەك لایەن، لەم ڕاهێنانەدا لایەنەكانی وەك: ئاسایشی دیجیتاڵی (پاراستنی زانیاری و پرایڤەسی)، ئاسایشی جەستەیی (پاراستنی كەسایەتی)،ئاسایشی دەروونی (مامەڵە لەگەڵ فشار و ترس)، ئاسایشی كۆمەڵایەتی (پاراستنی پەیوەندی و تۆڕەكان) خوێندنەوەی بۆ كرا. 
 زیاتر لەوانەش، بابەتگەلە تیۆرییەكانی تایبەت بە پاراستن و داكۆكیكردنی مافەمانی مرۆڤ وەك: میكانیزمی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافی مرۆڤ، شێوازەكانی بەبەڵگەكردنی سەرپێچییەكان دژ بە مافەكانی مرۆڤ،  ڕێكخستنی هەڵمەت و پاڵپشتی بۆ كەس یان ڕووداوێك كە پێشێلكاری دژ بە مافەكانی مرۆڤ تێدا بێت، میسداقییەتی كەس یان ڕێكخراوی داكۆكیكار لە مافەكانی مرۆڤ و ئاسایشی دیجیتاڵی دیراسە كرا.
سەرەڕای ئەوانەش، لە خولەكەدا ژمارەیەك ڕێكخراو و كەسایەتی لەو بوارەدا گفتوگۆیەكی كراوەیان ئەنجام دا، دواتر لەگەڵ نوێنەری تۆڕی هاوپەیمانی 19 كۆبوونەوەیەكی تایبەتییان بەمەبەستی هەماهەنگی و كاری هاوبەش لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی ڕێكخست، هەروەها باسیش لە شێوازەكانی بەدەستخستنی پاڵپشتی دارایی لە ڕێكخراوە جیهانییەكانەوە كرا. 
ناوەندی خەلیج بۆ مافی مرۆڤ، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی ناحوكومی قازانج نەویستە، لە ساڵی 2011ـەوە لەلایەن ژمارەیەك داكۆكیكاری مافی مرۆڤ لە كەنداوی عەرەبی و وڵاتانی دەوروبەری دامەزراوە.


PM:12:42:22/09/2025




ئه‌م بابه‌ته 204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌