میترۆ: خۆڕاگری ئێن ئارتی بەرز دەنرخێنێت



سەنتەری میترۆ سوپاسی خۆڕاگری كەناڵی ئین ئارتی و سەرجەم میدیاكارانی كرد، 14 ساڵە ئیدارەكانی مەدەنی و ئەمنی و عەسكەری پارتی و یەكێتی لەسەر هەموو شتێك جیاواز بووبن، لەسەر بەربەستدانان و دروستكردنی ئاستەنگی رۆژانە بۆ پەیامنێرانی ئێن ئارتی هاوبەشن و وەك یەك بیردەكەنەوە.

خۆشحاڵبووین بە دیداری هاوكارانمان میدیاكارانی بە توانای كەناڵی ئێن ئارتی، كارزان عوسمان، چیا حسێن ، مەریوان حەسەن، كە بەردەوام خۆیان و كەناڵی ئازیزی ئێن ئارتی پشتیوانی سەنتەری میترۆ و ئازادی رۆژنامەگەری بوون.
دیدارەكە دەرفەتێك بوو بۆ گفتوگۆ لە بارەی ئاڵنگارییەكانی بەردەم  فەزای مەدەنی و ئازادی ڕۆژنامەگەری پەرەسەندنی ئامرازەكانی دەمكوتكردنی ئازادی رەخنەگرتن و بەرتەسككردنەوەی ئازادی سیاسی و رێكخراوەیی.

هەروەها، باسمان لە هەندێك رەفتاری دژ بە پرەنسیپەكانی دیموكراسییەت و مافی مرۆڤ كرد، كە وایكردووە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی بواری ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری، رەخنە لە ئەدای دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی كوردستان بگرن.

دواهەمینیان بەیاننامەیەكی هاوبەش بوو كە 24ی ئەیلولی 2025 راگەیاندرا، كە تیایدا كۆمەڵێك رێكخراوی نێودەوڵەتی و نیشتمانی، لە ناویاندا، كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسانی ئەمریكی CPJ، رێكخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنوورRSF، سەنتەری میترۆ METRO، 15 رێكخراوی نێودەوڵەتی و نیشتمانی داوا بكەن، "دەستبەجێ و بێمەرج شێروان شێروانی ئازاد بكات و خۆی بەدووربگرێت لە بەرهەڵستیكردنی هەر تانەیەك كە لە بڕیاری دادگا دەدرێت".

ئێن ئاڕتی، لە 17ی  شوباتی 2011، لەگەڵ دەستپێكی خۆپێشاندانەكان، دەستی بە پەخشكرد، ئەوكات هیچ كام لە كەناڵەكان رووماڵی خۆپیشاندانەكانیان نەدەكرد، بوو بە كەناڵی ژمارە یەكی هاوڵاتیان بۆیە دوای تەنها سێ رۆژ لە رووماڵی خۆپیشاندانەكانی ئەو ساڵە،  گروپێكی چەكدار بە دەمامكەوە هەڵیانكوتایە سەر ئۆفیسی سەرەكی كەناڵەكە و سوتاندیان.


PM:01:02:25/09/2025




ئه‌م بابه‌ته 176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌