میترۆ پێشوازی لە سەرۆكی رێكخراوی PAO كرد




‎ لە رۆژی جیهانی گشتاندنی سوود وەرگرتن لە زانیاری، رێكخراوی POA و سەنتەری میترۆ داوایانكرد، حكومەت رێنمایی بۆ یاسای زانیاری دەربكات و بەڵگەنامە و ئاماری رەسمی بخرێنە خزمەتی هاوڵاتیان، میدیاكان، رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و پسپۆران، تا ببنە شەریك لە پرۆسەی بەگژداچونەوەی گەندەڵی.
ئەمڕۆ، 28ی ئەیلول ،2025 هاوكات لەگەڵ رۆژی جیهانی سوود وەرگرتن لە زانیاری، تیمی سەنتەری میترۆ پێشوازییان لە هۆگر چەتۆ، سەرۆكی رێكخراوی فریاكەوتنی میللی و سەرۆكی تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردن كرد.
هاوڕابووین لەسەر گرنگی كۆتایهێنان بە فەرهەنگی شاردنەوەی زانیاری و پۆڵێنكردنی زۆرینەی زانیارییەكان وەك نهێنی دامەزراوەكان. 
هەردولا بە پێویستیان زانی حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان بەپێی مادەی (25) لە یاسای ژمارە(11)ی ساڵی 2013 یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری، بەهەمئاهەنگی لەگەڵ دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ رێنمایی پێویست بۆ جێبەجێكردنی یاساكە دەربكات و رێز لەم مافە بنەڕەتییە بگرێت كە پەیوەستە بە ئازادی ڕادەربڕینەوە. 
مافی زانیاری لەبەندی 19ی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ، لە ماددەی 19ی پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافە مەدەنی و سیاسییەكان دیاریكراوە هاوكات ماددەی 10 لە رێكەوتننامەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئاماژەی پێكراوە. 
‎هەرێمی كورستانیش لە مادەی (25) لە یاسای ژمارە(11)ی ساڵی 2013 یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری لەهەرێمی كوردستان، تێیدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێویستە لەسەر ئەنجومەنی وەزیران بەهەمئاهەنگی لەگەڵ دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ رێنمایی پێویست بۆ ئاسان جێبەجێكردنی حوكمەكانی ئەم یاسایە دەربكات.
پاش 12 ساڵ لە دەركردنی یاساكە لە (8ی ئابی 2023) ، لە كابینەی 9 دا بڕیاردراوە لیژنەیەكی هاوبەش لە نێوان حكومەت و دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ بۆ ئامادەكردنی ڕەشنووسی ڕێنماییی یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری پێكبێت.


PM:02:21:28/09/2025




ئه‌م بابه‌ته 164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌