سلێمانی – 6ی تشرینی دووەمی 2025، ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی)، بە هاوکاری سەنتەرى میترۆ بۆ داکۆکی لە مافى رۆژنامەنووسان، ڕاهێنانێکی یەک ڕۆژەی لەسەر"برەودان بە ئازادی ڕادەربڕین و پاراستنی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران لە هەرێمی کوردستان ی عێڕاق” سازکرد.
بیست و شەش بەشداربوو (12 ژن و 14 پیاو)، بە نوێنەرایەتی دامەزراوە میدیاییەکان و ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان، سوودمەند بوون لەو ڕاهێنانە. بەشداربووان ئاشناکران بە چوارچێوەی یاسایی نیشتمانی و نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین، ئەمەش بە ئامانجی بەرزکردنەوەی توانایان لە جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییە پیشەییەکانیان بەپێی دەستووری عێراق و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی ئازادی ڕادەربڕین و پاراستنی ڕۆژنامەنووسان.