تیمی میترۆ پێشوازی كرد لە بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری ئۆپەرەیشنی كەناڵی زووم



ڕۆژی چوار شەممە، 3ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، تیمی میترۆ پێشوازی كرد لە هێمن مەحموود، بەڕێوەبەری گشتی كەناڵی زووم، مەهدی عەبدوڵا، بەڕێوەبەری ئۆپەرەیشنی كەناڵی زووم.
باسمان لە هەنگاوەكانی رێكخستنەوەی كاری زووم و ئەو پشتیوانییە فراوانەی لە لایەن رێكخراوی نێودەوڵەتی و نێردەی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان بۆ ئازادی كاری زووم كرد.
هەروەها گفتوگۆمان لە بارەی ژینگەی ئازادی رادەربڕین و خۆئامادەكردنی سەنتەری میترۆ بۆ راگەیاندنی هەردوو راپۆرتی ئازادی رۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕین (تۆڕی 19) كرد، ساڵی 2025 ساڵێك بوو بۆ فراوانبوونی ئامرازەكانی كپكردنی دەنگی ئازاد و جیاواز، كە تێیدا هەموو ڕێككارەكانی زەبروزەنگی بەرانبەر بە ئازادی ڕۆژنامەگەری، داخستنی كەناڵ، بەرتەسككردنەوەی فەزای كاری مەدەنی، زەبروزەنگ بەرانبەر خۆپیشاندانەكان، ئاستەنگەكانی بەردەم كاری رۆژنامەنووسان لە ڕوماڵی خۆپیشاندانەكان، پانتایی زۆری داگیركردووە.
هەدوولا هاوڕا بووین كە سەركوتكردنی ئازادی میدیا و پەرەسەندنی ئامرازەكانی كۆنترۆڵكردنی میدیا بە فشارو پارەی سیاسی هاوكات بووە لەگەڵ شاردنەوەی بەشێكی زۆری ئەو زانیاریانەی كە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی دەكەن.
هەردوولا سەركۆنەی هەموو جۆرەكانی توندوتیژییەکیان كرد كە بەرامبەر راگەیاندنکاران ئەنجامدەدرێت، باسیان لەوەشکرد کە هەڵوێست و کاردانەوەکان بەگوێرەی شوێن و پێگەی سیاسی دەگۆڕێت و پۆلێنکراون، کە ئەمە مەترسیدارە  وپاڵنەر دەبێت بۆ توندوتیژی بەرامبەر رۆژنامەنووسان.
رێكخەری میترۆ باسی كورتەیەك لە دیدارەكانی لەگەڵ بڕیاردەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دۆخی داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ و مافەكانی ئازادی كۆبوونەوەی ئاشتیانە و پێكهێنانی رێكخراوەكان و بازرگانی بەمرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كرد، كە هەفتەی رابردوو لە تورکیا بەڕێوەچوو.


AM:10:34:04/12/2025




ئه‌م بابه‌ته 64 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌