وتاری‌ ڕێكخه‌ری‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ له‌باره‌ی‌ ره‌وشی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی 2025




میترۆ، سلێمانی‌ 



ئامادەبووانی بەرێز
ئەم كاتەتان باش
وا ئەمساڵیش راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەگەری بۆ ساڵی 2025 دەخەیەنە بەردەستی رای گشتی و هەر سێی سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان، كە تیایدا سەنتەری میترۆ وەك رێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنی چاودێر بەسەر جێبەجێكردنی یاساكانی رۆژنامەگەری، مافی زانیاری، مافی خۆپیشاندان، دوو راپۆرت رادەگەیەنێت.
سەرلەنوێ داتاكان پێمان دەڵێن: كەشێكی پڕ لە تەحدا، لەبەردەم رۆژنامەنوس و ئازادی رادەربڕیندایە. 
لە كەیسەكانی شەهیدانی رۆژنامەگەری ماف بۆ خاوەن ماف نەگەڕاوەتەوە
جارێ هەردوو رۆژنامەنووس شێروان شێروانی، قارەمان شوكری لە زیندانن ئازاد نەكراوان
12 ساڵ تێپەڕیوە جارێ رێنمایی بۆ  بۆ ئاسان جێبەجێكردنی یاسای زانیاری دەرنەكراوە.
ڕۆژنامەنووس، چالاكوانان لە هەڕەشە و تۆقاندن و دەستگیركردن نەپارێزراون، و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی توندوتیژی دژی رۆژنامەنووسان خۆپیشاندەران ناكرێ.
خۆپیشاندان لە 50 كەس بترازێ، وەك مەترسییەك بۆ سەر ئەمنی قەومی تەماشا دەكرێت
كەناڵ دادەخەن، ستۆدیۆی داگیردەكەن و نایدەنەوە، كەرەستەكانیان دەشكێنن.
هەڵدەكوتنە سەركەناڵ، بەهەرەشە بەرنامە رادەگرن، دەڵێن ئەمری وەزیرە 
گردبونەوە، ۆرك شۆپ، تەنانەت كۆنگرەی رۆژنامەنوسی دەبێت مۆڵەتی بۆ وەربگری، تەنانەت دەقی شانۆیی و سینمایی دەبێت ئاسایش بیبینێت
هاوڕێیان
داوای یاسایی بەهۆی ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتە گشتیەكان زیادیكردوە.
توندوتیژی، پەلاماردانی تیمەكانی راگەیاندن و  توندكردنیان لە بنكەكانی هێشتنەوەی پۆلیس و زیندانی ئاسایش، رۆتینی رۆژانەن.
بابەتەكانی تایبەت بە بڵاوكردنەوە، كەیسی خۆپیشاندانەكان، دروانەتە دەستی ئاسایش نەك پۆلیس. 
فەرمانی مانەوە لە زیندان بۆ رۆژنامەنوس، نووسەر، رەخنەگر، پەرەی سەندووە، ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات بە یاسای سزادانی عێراقیی كۆتوبەند دەكەن.
هەواڵی ساختە و چەواشەكانە، ئەكرێتە پاساو پێشنیازی یاسایی میدیای ئەلیكترۆنی تا كۆتوبەندی بكەن.
فرەیی میدیایی لە پێدانی زانیاری و ئامادەبوون لە چالاكی گشتی رەچاو ناكرێ، تەنانەت لە چالاكیی رەسمی و پرۆتۆكۆلی حكومەت جیاكاری دەكرێت.
خانمانی میدیاكار لەناو دەزگانیان و دەرەوە هەراسان دەكرێن توندوتیژییان بەرامبەر ئەكرێ رۆژنامەنووسان بە بێ عەقدی كار و بەكرێی كەم دەوام دەكەن.
دیاردەی پشكنینی مۆبایلی رۆژنامەنووسان، خۆپیشاندەران، بێ فەرمانی دادوەر ئەنجام پەرەی سەندووە.
هەر ئامرازێك بەردەست بێت بۆ بەرتەسكردنەوەی ئازادی بۆ ناوزڕاندنی رۆژنامەنووسان، چالاكوانانی مافی مرۆڤ، ژنان، رەخنەگر بەكاری دەهێنن، وەك هێرشی دیجیتاڵی.
ئینجا سەدان دەزگای سەدان دەزگای میدیای سێبەر، سەدان رێكخراوی مەدەنی وابەستەمان پیشان دەدەن، كە  هەر یەكەی سەر بەحزبێك، دەزگایەكی ئەمنین، ناویایان لێناوە فرەیی میدیا و رێكخراوی مەدەنی. برەو بە روحی ناچەگەری و لیكترازانی سیاسی دەدەن، لە سلێمانییەوە هەولێر ناشرین دەكەن، لە هەولێریشەوە بەئنقەست سلێمانی كراوەتە ئامانج، نازانن لە كۆتاییدا كوردستان ناشرین دەكەن.
دەیان توندڕو لە داهاتی گشتی مینبەرو سەكۆی بۆ دروستكراو و ئازادن، هەندێكیشیان كەیفیان بە داعش و ماعش دێ، كە گەنجێكیش بە كۆمێنت رەخنە لە بەرپرسێكی حكومەت دەگرێ، هەڵدەكوتنە سەر ماڵەكەی و پاڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ دەكەنەوە .  
پارەی سیاسی بڕیار دەدات، بەشێكی زۆری  رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و میدیاكان، لە كوێدا بیدەنگ بن و چی بشارنەوە؟ لە كوێشدا قسەبكەن و بنوسن.... هاوڕێیان ئێمە لەبەردەم ناشرینترین زەمەنی بازاڕی كڕینی ویژدانین، كە تیایدا (هەڵوێستی رێكخراوی مەدەنی، ئەخلاقی پیشەیی رۆژنامەنوس، ویژدانی نوسەران،... بە پارەی سیاسی كڕین و فرۆشی پێدەكرێت. 
نرخیان لەسەر هەموو شتێك داناوە... لە ئۆپۆزسیۆنی ژێر خێوەتی دەسەڵات بۆ رەخنەگری بێ بار... بەڵام لەناو ئەم دیمەندا دڵیشمان بە ئێوە خۆشە، كەمینەیەك لە نوسەران و رۆژنامەنوسان و چالاكوان و رێكخراوی مەدەنی، چالاكوانی سیاسی كە بەرگری دەكەن و بەوەفان بۆ شەرەفی ووشەو ئەخلاق و بەهای كارەكەیان، هەڵوێستی سیاسی و نیشتمانیان نەدۆڕاندووە.

ئەمە ئاوێنەكەیە، با خاوەن بڕیاری ئەم وڵاتە خۆیانی تێدا ببینن، ئامادەین بیسەلمێنین.
ئەمە دیمەنی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەرییە، كە لەهەموو گۆشەیەكییەوە، توندوتیژی لە هەموو لایەكەوە گەمارۆ دان و ناهەقی، بەمەش دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتەمان خۆیان نەك ئێمە، پەیامێك بۆ رای گشتی ناوخۆو دەرەوە دەنێرن، هاوڵاتیان مافیان پارێزراو نییەو ، یاساكانیشمان رێزلێگیراو نین.

سەرباری هەموو ئامانەی باسمان كرد، راسپاردەمان هەیە و لە راپۆرتەكانماندا باسمان كردوو،  ئامادەین لەگەڵ حكومەت و دامەزراوەكانی كار بكەین بۆ باشكردنی ئەو دۆخە نەخوزارە.
سوپاس


PM:05:10:17/01/2026




ئه‌م بابه‌ته 288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌