ئەمڕۆ، 19ی شوباتی 2026، تیمی سەنتەری میترۆ پێشوازی لە نووسەر فەرهاد سەلام کرد. مەبەست لە سەردانەکەی پێشکەش کردنی نوێترین بەرهەمی بوو بە سەنتەری میترۆ بە ناونیشانی، (سەفەر لە ترپەی ماچێکدا) کە بیرەوەرییە و چیرۆکی ٥٨ وێستگەی ژیانی لە خۆ دەگرێت.
ئەم بیرەوەرییە باسێکی گرنگە دەربارەی ئەو سەختییانەی کە نووسەر بە درێژایی گەشتەکەی بەرگەی گرتووە. هەروەها، ڕەنگدانەوەی ئیرادەی بنیاتنانی ژیانێکی نوێیە لە بەرانبەر ئەگەرە سەختەکاندا.
لە باسی کتێبەکەدا، د. دڵشاد مستەفا دەنووسێت:
بۆ من وەک خوێنەرێکی خاکەڕایی ئەدەبی کوردی، یەکەم جارە لە نزیکەوە بەر بەرهەمێکی پڕاوپڕی ئەم نووسەرە دەکەوم، بەڵام سەرسام لە بەردەم ئەو تەکنیکەدا وەسستاوم و لەوە ورد دەبمەوە کە پەیبردن بەو تەکنیکە هەر وا بە سانایی و لە تەنها یەکەم ئەزموونی نووسیندا بەدی نایەت، بۆیە گریمانی پیشووم بە ڕاست دەزانم. هەڵبەت مەبەست لە تەکنیکی گیڕانەوە ستایل و زمان وخواستن و چواندن و بەرجەستەکردن و وێناندن و دواتر پلۆتە، کە پێكڕا و بە بەشداری هەندێک وردەکاری تر دەتوانن ستایڵی تایبەت بۆ نووسەرێک دروست بکەن.
تیمی سەنتەری میترۆ پیرۆزبایی بەرهەمە نوێیەکەی لێ دەکات و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتری بۆ دەخوازێت.