كونسوڵخانەكانی بەریتانیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا، ستایشی رۆڵی سەنتەری میترۆیان كرد لە چاودێری كردنی ژینگەی كاری رۆژنامەوانی و گوتاری میدیای لە بارودۆخی شەڕدا و هیوایان خواست لە نزیكترین كاتدا بتوانن لە ئۆفیسی میترۆ لەگەڵ تیمەكەیاندا كۆببنەوە.
ئەمڕۆ، 9ی نیسان، 2026 ، تیمی سەنتەری میترۆ لەگەڵ هەرسێ كونسوڵخانەی بەریتانیا، ئەڵمانیا، و هۆڵەندا، بە شێوازی ئۆنڵاین كۆبوونەوە.
سەرەتا، رێكخەری سەنتەری میترۆ سوپاسی هەر سێ كونسوڵخانەكەی كرد لە گرنگیدانیان بە راپۆرت و كار و هەڵوێستەكانی سەنتەری میترۆ و رێكخستنی ئەم گفتوگۆیە.
كۆبوونەوەكە دەرفەتێك بوو بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا لە بارەی بارودۆخی گشتی و پەیوەندیدار بە ئازادی میدیا و گوتاری میدیاكان لە سەردەمی شەڕدا.
دیاری محمد بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ، سێوە سیروان لە تۆڕی هاوپەیمانی 19، هەندێك وێستگەی گوتاری میدیا و سەرنجیان لەسەر روماڵكردنەوەكانی میدیا و رێنماییەكانی حكومەت خستەڕوو.
كونسوڵخانەكانی بەریتانیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا، ستایشی رۆڵی سەنتەری میترۆیان كرد كە وەك رێكخراوێكی سەربەخۆو ئازاد چاودێری كردنی ژینگەی كاری رۆژنامەوانی و گوتاری میدیای لە بارودۆخی شەڕ و ئاشتیدا دەكەن.
لەو كۆبونەوەیەی كە كاتژمێرێک زیاتری خایاند، بەشداربووان هیوایان خواست لە نزیكترین كاتدا بتوانن لە ئۆفیسی میترۆ لەگەڵ تیمەكەیاندا كۆببنەوە.