سەنتەری میترۆ وۆرکشۆپێکی دوو ڕۆژیی ڕێکخست



ڕۆژانی 15-14ی نیسانی 2026، لە چوارچێوەی پڕۆژەی قەریب، بە هاوبەشی ڕێکخراوی (CFI)ی فەرەنسی، سەنتەری میترۆ ڕاهێنانێکی دوو ڕۆژیی بۆ ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی شاری سلێمانی ڕێکخست، بە ناونیشانی (راهێنانی رۆژنامەوانی دەربارەی رووماڵکردنی پیشەییانە لەکاتی جەنگدا)، کە لە لایەن د. سامان فەوزی و مامۆستا سەلام عومەرەوە پێشکەش کرا.

ڕۆژی یەکەمی ڕاهێنانەکە بە سەرپەرشتی د. سامان فەوزی، چەند تەوەرێکی ڕۆژنامەوانیی گرنگ و پەیوەست بە بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و ناوچەکەوە لە خۆ گرت، لەوانەش: وەک سەرەتایەک، چەمکی ئازادی میدیایی و مافی هاوڵاتی لە دەست گەیشتن بە زانیاری و هەواڵ لە کاتی ئاسایی و نائاساییدا باس کران. پاشان، بابەتی هەستیار وەک بەرژەوەندی گشتی و ئاسایشی نیشتیمانی کە سنور بۆ ئازادی کاری میدیایی دادەنێن و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە چۆنییەتی ڕەفتاری میدیایی لە دۆخی جەنگدا بەشێک بوون لە گفتوگۆکە.

لە ڕۆژی دووەمدا، مامۆستا سەلام عومەر تیشکی خستە سەر لایەنی پراکتیکی ئەرکی ڕۆژنامەوانی لە کاتی جەنگدا و چۆنییەتی بەرهەمهێنانی بابەتێکی ڕۆژنامەوانی پرۆفیشناڵ، کە لە چەند قۆناغێک پێک هاتبوون، وەک قۆناغی کۆکردنەوەی زانیاری و دابەشکردنی بیرۆکەکان و قۆناغی گێڕانەوە و داڕشتن و پاشان لە کۆتاییدا، قۆناغی کاریگەری درووستکردن و بڵاوکردنەوە. 

لە کۆتاییدا، سەرجەم بابەتەکان بە پراکتیکی لە لایەن بەشداربووانەوە کاری پێکرا و بڕوانامەی بەشداربوونیان پێ بەخشرا.


PM:10:47:15/04/2026




ئه‌م بابه‌ته 96 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌