سەنتەری میترۆ گفتوگۆیەکی کراوە رێک دەخات



ئەمڕۆ، ٢٢ی نیسانی ٢٠٢٦، لە ساڵیادی ١٢٨ ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی و لە چوارچێوەی پرۆژەی قەریب، سەنتەری میترۆ بە هەمئاهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی CFIی فەرەنسی و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان/لقی سلێمانی، گفتوگۆیەکی کراوەی بۆ چەند کەسایەتییەکی میدیایی و رۆژنامەنووس و خاوەن دەزگای میدیایی و کەسایەتیی یاسایی ڕێک خست بە ناونیشانی، (هەواڵ و زانیاری: لە نێوان ئازادی رۆژنامەگەری و ڕێنمایی دامودەزگاکانی هەرێم).

کۆبوونەوەکە لە لایەن هەر یەکە لە (هیوا عوسمان، بەڕێوبەری گشتی دەزگای +٩٦٤، د. سامان فەوزی، یاساناس و مامۆستای زانکۆ، دیاری محەمەد، بەڕێوبەری سەنتەری میترۆ، شیروان عەبدوڵڵا، بەڕێوبەری گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە، قاسم خدر حەمە، ڕاوێژکاری میدیایی CFI لە عێراق) بەڕێوە چوو.

گفتوگۆکە چەندین پرس و خاڵی گرنگ و پەیوەست بە بارودۆخی ئێستای میدیای کوردی خستە بەر سەرنج لەوانەش پرسی وەک، بڕیار و ڕێنماییەکان لە نێوان پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و ئازادی کارکردندا، پاشان پرسیاری گرنگ وەک، چی بکرێت بۆ ئەوەی ڕێنماییەکان نەبنە پێشینەیەک بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادی میدیایی؟ میدیا چۆن دەتوانێت هاوسەنگی لە نێوان پابەندبوون بە بڕیارەکان و ڕووماڵکردنی پیشەییانە بپارێزێت؟

دواتر، نوێنەر و ڕواوێژکاری میدیایی ڕێکخراوی CFI لە عێراق، بەڕێز قاسم خدر حەمە کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوی CFIی بە ئامادەبووان ناساند و چەندین ڕێکاری نێودەوڵەتی خستە روو کە کە دەتوانرێت لە هەرێمی کوردستان سوودیان لێ وەربگیرێت.
لە کۆتاییدا، دەرگای بۆچوونەکان بە ڕووی ئامادەبووانی گفتوگۆکە کرایەوە و چەندین بیر و بۆچوونی جیاواز و گرنگ کە دەکرێت خزمەت بە بەرەوپێشچوونی بارودۆخی ئازادی رۆژنامەگەری بگەیەنن خرانە ڕوو.


AM:11:03:23/04/2026




ئه‌م بابه‌ته 76 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌