ئەمڕۆ، 3ی ئایاری 2026، تیمی سەنتەری میترۆ پێشوازی لە هەردوو بەڕێز، کاوە مەحمود سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی دەسپێشخەری شارستانیی جیهانی و گۆران قادر ئەندامی پەیوەندییەکانی ناوەندیی حزبی شیوعی کوردستان کرد.
بە بۆنەی ڕۆژی ئازادی ڕۆژنامەگەرییەوە، هەردوو بەڕێز پیرۆزباییان لە رۆژنامەنووسان کرد و سوپاسی سەنتەری میترۆیان کرد بۆ چاودێریی کردنی ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەگەری.
کۆبوونەوەکە دەرفەتێک بوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ژینگەی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و کاری رۆژنامەنووسی و گرنگیی هەڵسەنگاندی دەرفەتەکان و گەڕان بە شوێن ئامڕازی کارکردن بۆ لابردنی بەربەستەکانی بەردەم ئازادییەکان.
تیمی سەنتەری میترۆ خۆشحاڵ بوو بە سەردانەکە و هیوای خواست ئەم پەیوەندییە هەر لە بەردەوامی و گەشەسەندندا بمێنێت.
ئەمساڵ، لە كاتێكدا کە پێشوازی لە رۆژی جیهانی رۆژنامەگەری دەكەین، بە پێی راپۆرتی پەیامنێرانی بێسنوور، عێراق لە نزمترین ڕیزبەندییە و 7 پلە دابەزیوە و جارێ هەرێمی كوردستان یاسای رۆژنامەگەری بە تەواوی جێ بەجێ ناكات، 2 رۆژنامەنووس لە زیندانن و حوكمدراون، ساڵی ڕابردوو 315 پێشێلكاری بەرانبەر 252 ڕۆژنامەنووس و كەناڵی راگەیاندن تۆماركراوە، كەناڵی زووم لە سلێمانی و کەناڵی ئێن ئارتی لە هەولێر و دهۆك داخراوە، پێشێلكاری و هەراسانكردن و تۆقاندنی ڕۆژنامەنووسان و ڕێگریكردن لە ڕووماڵكردن و هێرشكردنە سەر ڕۆژنامەنووسانی مەیدانی بەردەوامە، پارەی سیاسی بەسەر دیمەنی رۆژنامەوانی زاڵەو بۆ شەڕی سیاسی بێ هودە بەكاردێن.