میترۆ بەشداری چالاكییەكی كونسوڵخانەی هۆڵەندا دەكات



ئەمڕۆ 3ـی ئایاری 2026، شاری هەولێر، كانی عومەر، بەڕێوەبەری پڕۆژەكانی سەنتەری میترۆ، بەشداری لە كۆبوونەوەیەكی تایبەتدا كرد كە لەلایەن كونسوڵخانەی شانشینی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان ڕێكخرابوو. 

چالاكییەكە هەریەك لە ئادریان ئایسڵستاین، كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا، بێرتریل سنۆییەر، جێگری كونسوڵی گشتی و ستافی باڵای كونسوڵخانە ئامادەبوون.

كۆبونەوەكە نوێنەری بەشێك لە كەناڵەكانی راگەیاندن ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی ژینگەی كاری رۆژنامەوانی  لە هەرێمی كوردستان و، دەرفەت و ئاستەنگەكانی بەردەم ئازادی كاركردنیان كرا. 

كانی عومەر نوێنەری سەنتەری میترۆ لە قسەكانیدا تیشكی خستە سەر مامەڵەكردن لەگەڵ یاسای رۆژنامەگەری كە بە تەواوی جێبەجێناكرێت، 2 رۆژنامەنووس لە زیندانن حوكمدراون، ساڵی ڕابردوو 315 پێشێلكاری بەرامبەر  252 ڕۆژنامەنووس و كەناڵی راگەیاندن تۆماركراوە، كەناڵی ئێن ئارتی لە هەولێر و دهۆك داخراوە، لە سلێمانی تا ئێستا ستۆدیۆی كەناڵی زووم داگیركراوە، پێشێلكاری و هەراسانكردن و تۆقاندنی ڕۆژنامەنووسان و ڕێگریكردن لە ڕووماڵكردن و هێرشكردنە سەر ڕۆژنامەنووسانی مەیدانی بەردەوامە، پارەی سیاسی بەسەر دیمەنی رۆژنامەوانی زاڵەو بۆ شەڕی سیاسی بێهودە بەكاردێن.

تەوەرێكی تر كۆبونەوەكە قسەكردن لەبارەی ژینگەی كاری خانمانی میدیاكار و ئەو ئاڵنگارییانەی رۆژانە لەكاتی كاركردنیان لەناو دەزگاكانی راگەیاندنو دەرەوەی دامەزراوەكانیان ڕووبەڕووی دەبنەوە.

ئەمساڵ یۆنسكۆ بۆ ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەوانی  بە دروشمی "پیكهێنانی ئایندەیەك كە ئاشتی تێیدا سەروەر بێت” یادی رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەوانی لە شاری لوساكای پایتەختی زامبیا رێكدەخات. 

دروشمی"پیكهێنانی ئایندەیەك كە ئاشتی تێیدا سەروەر بێت” بۆ رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەوانی دەرخەری ئەوەیە كە ئەركی میدیای ئازاد و سەربەخۆ تەنیا گواستنەوەی هەواڵ نییە، بەڵكو ئامرازێكی بەهێزە بۆ بەرەوپێشبردنی كولتووری گفتوگۆ و بنیاتنانی پردی لێكتێگەیشتن لە نێوان گەلان.


PM:11:01:03/05/2026




ئه‌م بابه‌ته 80 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌