رێكخەری سەنتەری میترۆ رایگەیاند هەوڵەكانی دەسەڵاتی سیاسی بۆ كۆنترۆڵكردنی میدیا و كۆمەڵی مەدەنی و ئاڕاستەكردنیان بۆ شەڕی سیاسی ناڕەوا، لە ئاستێكی ترسناكدایە، پارەی سیاسی مەرجدارو ترس و تێكەڵبوونی بەرژەوەندییەكانی بەشێكی دیاری نوخبەی رۆشنبیری، وای كردوە فەزای گشتیمان بۆ ئازای رەخنە نیمچە داخراو بێت و میدیاش ببێتە بەشێكی قەیرانە سیاسییەكەی هەرێمی كوردستان.
دوا نێوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 5ی تەمووزی 2026، تیمی سەنتەری میترۆ پێشوازییان لە بەڕێز ئەلبرێشت فۆن ڤیتكە، كونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان ، رێبیكا ماتێس، كونسوڵی كاروباری سیاسی و ئابوری و راگەیاندن، ئیحسان وڵزی، ڕاوێژكار لە كونسوڵخانەكە، كرد.
كونسوڵی گشتی ئەڵمانیا، خۆشحاڵی دەربڕی كە لە نزیكەوە تیمی سەنتەری میترۆ دەبینێت و گفتوگۆ دەكەن، ووتی " ئێمە بە گرنگییەوە دەڕوانیینە ئەركی چاودێریكردنی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری" جەختیكردەوە " بەداخەوەم ئەمە دوا سەردانم دەبێت بۆ میترۆ ، هیوادارم لە كارەكانتان سەركەتوو بن و میدیا بتوانێت ئەركی خۆی لە گواستنەوەی هەواڵ بۆ هاوڵاتیان بە شێوەیەكی پرۆفیشناڵ جێبەجێ بكات ".
تیمی میترۆ بە گەرمی بەخێرهاتنی جەنابی كونسوڵ و وەفدی هاوڕێیان كرد، خۆشحاڵییان بۆ سەردانەكەیان دەربڕی، هیوایان خواست جەنابی ئەلبرێشت فۆن ڤیتكە، كە كوردستان جێدەهێڵێت ئەركێكی تازە وەردەگرێت، سەركەتوو بێت.
رەحمان غەریب، باسیلەوەكرد، ئەوەی كە هەڵسووكەوتی دەسەڵاتدا لەپاش راپەڕینی 1991 وە زاڵ بووە، وابەستكردنی بەشێكی زۆری دەزگای رۆشنبیری و رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان بە دارایی حزبەكان ، لەم رێگەشەوە لایەنگرییان مسۆگەر بكات، بكرێنە كەرەستەیەكی بچوك لەناو بزوێنەری زەبەلاحی گوتاری میدیایی و ئامرازێكی تری زاڵبوونی چینی دەسەڵاتدار، ووتی " لەم قۆناغەدا كەم تۆێژ هەن وەك بەشێكی زۆری رۆژنامەنووس و رۆشبیرو دامەزراوەكانییان، لەم قۆناغەدا بەلاڕێدا نەچووبێت" ووتیشی" ئەمە وای كردوە فەزای گشتیمان بۆ ئازای رەخنە نیمچە داخراو بێت و میدیاش ببێتە بەشێكی قەیرانە سیاسییەكەی هەرێمی كوردستان".
دیاری محمد بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ، تیشكی خستە پرۆژە تازەكەی سەنتەری میترۆ كە لەگەڵ رێكخراوی CFI فەرەنسی كە لە چوارچێوەی پرۆژەی قەریب جێبەجێ دەكرێت ، لە ئایندەی نزیك لە شارەكانی هەولێر و دهۆكیش چالاكی ئەنجام دەدرێت.
هەروەها كانی عومەر، سێوە سیروان، شایی ئاسۆ، هەر یەك بە جیا باسییان لە رەوشی ئازادی رادەربڕین كرد، تیشكییان خستە سەر گرنگترین رروداوەكانی ساڵی رابردوو هەروەها شەش مانگی 2026 بە پێی چاودێری تیمەكانی تۆڕی 19 و سەنتەری میترۆ.
ئەلبرێشت فۆن ڤیتكە، كونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان، سوپاسی پێشوازی گەرم و هاوڕێیانی تیمی میترۆی كرد، هیوای خواست كارەكانی سەنتەری میترۆ بەردەوام بێت .