ئەمڕۆ، 13ی تەمووزی 2026، سەنتەری میترۆ هەستا بە ڕێکخستنی دیدارێک بە میوانداری وەفدێکی باڵیۆزخانەی شانشینی هۆڵەندا لە عێراق و کۆمەڵێک کەسایەتیی میدیایی و ڕۆژنامەنووسی کۆکردەوە.
کۆبوونەوەکە بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی بیروڕا بوو لەسەر دۆخی ئێستای ڕۆژنامەگەری و ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە پێش کۆتایی هاتنی ئەرکی دیبلۆماسیی باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق، جانێت ئالبێردا. ئامادەبووان ئەزموونە پیشەییەکانی خۆیان باسکرد، لەوانە، ئاستەنگەکانی بەردەم کەرتی میدیا، پرسە فراوانەکانی پەیوەست بە ئازادی ڕۆژنامەگەری، و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و گرنگیی پاراستنی فەزای مەدەنی.
هەروەها، کۆبوونەوەکە دەرفەتێک بوو بۆ ڕێزلێنان لە ماندووبوونی باڵیۆز، بە بۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی. دیاری محەمەد، بڕێوەبەری سەنتەری میترۆ، پێزانینی خۆیی بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و کۆمەڵگەی مەدەنی بە درێژایی ماوەی ئەرکەکەی باڵیۆز دەربڕی. دیاری محەمەد گووتی: "داننان و پابەندبوونی بە پشتیوانیکردنی دیالۆگ و پێشخستنی بەهاکانی ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری سەربەخۆ جێگەی ڕێز و پێ زانینە".
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق، جانێت ئەلبێردا، هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی بۆ سەنتەری میترۆ و هاوکارەکانی خواست و گووتی، "ئومێدەوارم کە چیتر گوێبیستی چیرۆکی ناخۆش نەبین دەربارەی دۆخی ناوچەکە و هەمووان بتوانن ئاشتی و ئاسوودەیی بدۆزنەوە." لە بەرانبەردا، سەنتەری میترۆ هیوای سەرکەوتنی بۆ خاتوو جانێت خواست لە ئەرکەکانی داهاتوویدا.