لە ڕۆژانی 18 و 19ی تەمووزدا، لە شاری هەولێر، لە چوارچێوەی پرۆژەی قەریب و بە پاڵپشتی ڕێکخراوی CFIی فەرەنسی، سەنتەری میترۆ ڕاهێنانێکی ڕۆژنامەوانیی دوو ڕۆژیی ڕێکخست بە ناونیشانی، "ڕووماڵکردنی پیشەییانە لە کاتی ململانێدا".
ڕاهێنانەکە لە لایەن، هەردوو بەڕێز، د. سامان فەوزی و مامۆستا سەلام عومەرەوە پێشکەش کرا.
بابەتەکانی ڕۆژی یەکەمی ڕاهێنانەکە بریتی بوون لە چەند چالاکییەکی پراکتیکی کە لە لایەن مامۆستا سەلام عومەرەوە بە ئامادەبووانە ئەنجام درا. لەوانەش، پێکهێنانی سیناریۆی جیاواز دەربارەی بڕیاردانی پیشەیی لە ژووری هەواڵ و ڕووماڵکردنی ئۆفیس و ڕووماڵکردنی مەیدانی و هونەری چاوپێکەوتنی پیشەییانە.
هەروەها، لە ڕۆژی دووەمی ڕاهێنانەکەدا، د. سامان فەوزی تیشکی خستە سەر چەند بابەتێکی گرنگ و پەیوەست بە دۆخی ئێستای ناوچەکە و میدیاوە. وەک، ئازادیی میدیایی و مافی هاولاتی له دەستڕاگەیشتن به زانیاری و هه واڵ له كاتی ئاسایی و نائاساییدا، بەرژەوەندیی گشتی و ئەمنی نیشتمانی، پاراستنی کەرامەت و ژیانی تایبەتی کەسەکان لە کاتی ململانێدا، پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لە چۆنییەتی رەفتاری میدیایی لەکاتی ململانێدا، و چەندان بابەتی دیکەی گرنگ.
لە کۆتاییدا، سەرجەم بابەتەکان لە لایەن بەشداربووانەوە بە پراکتیکی کاری پێ کرا و بڕوانامەی بەشداربوونیان پێ بەخشرا.