سەنتەری میترۆ مێزگردێکی گفتوگۆی کراوە لە هەولێر ڕێک دەخات



ئەمڕۆ، 11ی ئابی 2026، لە شاری هەولێر، بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی CFI فەڕەنسی، لە چوارچێوەی پڕۆژەی قەریب، سەنتەری میترۆ هەستا بە ڕێکخستنی کۆڕێکی گفتوگۆی کراوە بۆ چەندین کەسایەتی حکومی و ئەکادیمی و ڕۆژنامەنووس و میدیاکار بە ناونیشانی، "پیشەییبوون لە میدیای کوردیدا لە نێو ململانێ ناوخۆییەکاندا".
کۆڕەکە لە لایەن هەر یەکە لە، (غازی عەلی، بەڕێوبەری کەناڵی سپێدە، ڕامان مەجید، ڕاوێژکار لە پەرلەمانی کوردستان، د. نەزاکەت حسێن، مامۆستای زانکۆ، زەیتۆ سیانی، بەرپرسی پێشووی یونامی لە هەرێمی کوردستان، و دیاری محەمەد، بەڕێوبەری سەنتەری میترۆ) بەڕێوەچوو.
گفتوگۆکە چەندین پرس و خاڵی گرنگ و پەیوەست بە بارودۆخی ئێستای میدیای کوردی خستە بەر سەرنج لەوانەش پرسی وەک، پیشەییبوونی میدیا و ئەرکی میدیاکار لە پاراستی  ئاشتی کۆمەڵایەتی، فەزای ئازادی میدیا لە هەرێمی کوردستان، پێویستیی میدیای کوردی بە هێورکردنەوە نەک گەشەپێکردنی ململانێکان، و هەروەها، پرسی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی میدیا لە چوارچێوەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکاندا بابەتێکی تری گفتوگۆکە بوو.
لە کۆتاییدا، دەرگای بۆچوونەکان بە ڕووی ئامادەبووانی گفتوگۆکە کرایەوە و چەندین بیر و بۆچوونی جیاواز و گرنگ کە دەکرێت خزمەت بە بەرەوپێشچوونی بارودۆخی پیشەییبوون لە میدیای کوردیدا بگەیەنن خرانە ڕوو.
هاوکات، ئەمڕۆ، سەنتەری میترۆ یادی 17 ساڵەی دامەزراندنی دەکاتەوە. 17 ساڵ واتە 17 ڕاپۆرتی ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەوانی، واتە 17 ساڵ داکۆکی کردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان، 17 ساڵ جەنگ لە پێناو پێکهێنانی ژینگەیەکی تەندروست کە ئازادی ڕۆژنامەوانی تێیدا مسۆگەرە.
فۆتۆ: هێمن شوانی


PM:01:44:11/08/2026




ئه‌م بابه‌ته 264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌