میترۆ و فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان كۆبوونەوە



 یەكشەممە، 13ی ئەیلوولی 2026، لە ئۆفیسی سەرەكیی شاری سلێمانی، تیمی سەنتەری میترۆ پێشوازییان لە بەڕێزان، فەلاح حەسەن، سەرۆكی فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومییەكان، هەردی ئەحمەد، جێگری سەرۆك و وەفدی یاوەریان کرد.  
رێكخەری سەنتەری میترۆ بە گەرمی بەخێرهاتنی كردن و هیوای خواست كە بەردەوام بن لەو شێوازی كاركردنەیان لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و لەو پەیوەندییەی كە لەسەر بنچینەی ئاسانكاری و كرانەوە و هەمئاهەنگی تەواو بنیات نراوە.
بەڕێز فەلاح حەسەن، سەرۆكی فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومییەكان، دەستخۆشی لە سەنتەری میترۆ كرد لە پای چاودێریكردنی ئازادی رۆژنامەگەری و رادەربڕین و ڕایگەیاند، "ئەم سەردانەمان بۆ جەختكردنەوەیە لە هەمئاهەنگی و گوێگرتن لە پێشنیازەكانتان بە مەبەستی پێشخستنی كاری فەمارنگە."
لە دیدارەكەدا، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ، دیاری محەمەد، رێكخەری تۆڕی 19 شایی ئاسۆ، بەرپرسی پەیوەندییكانی تۆڕی 19، كانی عومەر، شوان جەمال راوێژكاری یاسایی سەنتەری میترۆ و سێوە سیروان، بەرپرسی پەیوەندییەكانی میترۆ، باسییان لە گرنگترین وێستگەكانی ئەمساڵی چالاكیی سەنتەری میترۆیان كرد لەگەڵ ئاژانسی CFI ی فەرەنسی لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە، لەوانە، دەركردنی رێبەری یاسایی و ئاكاری بۆ رۆژنامەنووسان، كە دەربارەی چۆنییەتی رووماڵكردنی رۆژنامەنووسانە بۆ پرسەكانی جەنگ، گووتاری رقوكینە، هەواڵی دادگا و تاوان و مافەكانی مرۆڤ.
هەروەها، تیمی میترۆ وێڕای هەڵسەنگاندنی ئەرێنییان بۆ كار و چالاكییەكانی فەرمانگە، چەند پێشنیازێكیان خستەڕوو بە ئامانجی پتەوكردن و پێشخستنی كاری فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومییەكان.


AM:11:02:16/09/2026




ئه‌م بابه‌ته 56 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌