نوێنەری میترۆ بەشداریی لە گفتوگۆیەکی کراوەدا کرد




سێشەممە، 15ی ئەیلوولی 2026، سێوە سیروان، بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەنتەری میترۆ، بەشداریی لە گفتوگۆیەکی کراوەدا کرد کە لە لایەن بەشی ژنانی نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕێکخرابوو.
گفتوگۆکە تەواوکەری کۆبوونەوەیەک بوو کە لە ڕابردوودا ئەنجام درابوو سەبارەت بە دۆخی ژنانی ڕۆژنامەنووس و ئەو ئاستەنگیانەی دێنە بەردەمیان، و بۆ دووبارە هەڵسەنگاندی دۆخیان بوو لە ئێستادا. 
لە دەستپێکی دیدارەکەدا، ئاشتی عەبدوڵا، ڕاوێژکاری کاروباری ژنان، بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و پاش باسکردنی چەند تەورێک سەبارەت بە کۆبوونەوەکە، دەرگای گفتوگۆی بە ڕووی ئامادەبوواندا کردەوە.
ژمارەیەک لە خانمانی میدیاکار و خاوەن ئەزموون لە بواری ڕۆژنامەگەریدا و لە باکگراوند و دەزگای میدیایی جیاجیاوە ئامادەی دیدارەکە بوون و بە بەشکردنی بۆچوونی خۆیان لەسەر دۆخەکە کۆبوونەوەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.
لە دیدارەکەدا، سێوە سیروان تیشکی خستە سەر دیارترین ئەو جۆری پێشێلکاری و ئاستەنگییانەی دێنە سەر ڕێی ژنانی ڕۆژنامەنووس و میترۆ تۆمارییان دەکات، لە بەرانبەردا چەند پێشنیاز و ڕاسپاردەیەکی خستە ڕوو بۆ باشترکردنی دۆخەکە و بەدیهێنانی ژینگەیەکی ئارام و سەلامەت بۆ کاری ڕۆژنامەگەری بۆ ژنان.


AM:10:21:17/09/2026




ئه‌م بابه‌ته 60 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌