ئەمرۆ، یەكشەممە 8ی تشرینی 2026، دابان كەمال بەڕێوەبەر و خاوەن ئیمتیازی بازیان میدیا و دیلان سیروان پەیامنێر سەردانی سەنتەری میترۆیان كرد.
ئامانج لە سەردانەكە تۆماركردنی سكاڵا بوو سەبارەت بە بانگكردنیان بۆ ئاسایشی بازیان و پرکردنەوەی بەڵێننامە کە تیایدا بەڵێن دەدەن پابەند بن بە پیشەییبوون لە کاری ڕۆژنامەگەری و پشێوی دروست نەکەن و مەرجدانان بوو بۆ كاری میدیاییان لە قەزای بازیان سەر بە پارێزگای سلێمانی.
ئەم بانگكردنەی تیمی بازیان میدیا دوای ئەوە هات كە پەیامنێرەكەیان راپۆرتێكی لە (4ی تشرینی دووهەم 2026) لە بارەی كۆبوونەوەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی كتێبخانەی بازیان بڵاوكردوە، تیایدا راوبۆچوونی چەند فەرمانبەرێك بڵاوكراوەتەوە.
فەرمانبەرانی ناڕازی قسەیان بۆ بازیان میدیا كردوە و داوا دەكەن کە دەنگیان بگەیەننە لایەنی پەیوەندیدار. پاش بڵاوكردنەوەی راپۆرتەكەیان بە چەند كاتژمێرێك لە لایەن ئاسایشی بازیان پەیوەندییان پێوەكراوە و پێیان گوتراوە کە ئەو دیدارانەی لەگەڵ ئەو فەرمانبەرانە تۆماریان کردووە بسڕنەوە.
دابان كەمال بەڕێوەبەر و خاوەن ئیمیتیازی بازیان میدیا لە دیدارەكەیدا لەگەڵ میترۆ گووتی، "پەیوەندییان بە من و پەیامنێرەكەمان كرد و داوایان لێ كردین كە كاتژمێر 9ی بەیانیی 6ی تشرینی دووهەم بچینە یاریدەدەری ئاسایشی بازیان" گووتیشی، "لە ئاسایش پێیان گووتین ئێوە خۆتان بە چی دەزانن لە دوێنێوە پێتان دەڵێین ئەو پۆستە بسڕنەوە نایسڕنەوە پاشان قسەی ناشرینیان كرد."
دیلان سیروان، سەرنووسەر و پەیامنێری بازیان میدیا بە میترۆی ڕاگەیاند، "ئێمە وەک بازیان میدیا هیچ کارێکی نایاساییمان نەکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پۆستەکانمان پی دەسڕنەوە و بەڵێننامەشمان ێ پڕدەکەنەوە."
بۆ ماوەی دوو كاتژمێر لە ژوورێك دادەنرێن و داوای ووشەی نهێنی مۆبایلی پەیامنێرەكەیان دەکەن و تەماشای دەكەن، پێیان دەڵێن خۆتان تووشی حاكم و سجن مەكەن و پۆستەكەتان بسڕنەوە.
دابان كەمال جەختی كردوە، "بەڵێننامەیان پێ پڕكردینەوە كە ئیشێک ئەوان نەیانەوێت ئێمە نابێت بڵاوی بكەینەوە و پۆستەكەیان پێ سڕینەوە."
سەنتەی میترۆ بەکارهێنانی دەزگای ئەمنی بۆ ترساندن و فشار و پڕکردنەوەی بەڵێننامە بە رۆژنامەنووسان و دەزگای راگەیاندن رەتدەکاتەوە و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات لێپێچینەوە لەم هەڵسوکەوتە نایاساییە بکەن و رایگرن.
(بازیان میدیا) سایت و ماڵپەڕە، لە 23ی ئازاری 2023، لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان تۆمار كراوە.