لە ڕۆژانی 1 بۆ 5ـی تشرینی دووەمی 2026، کانی عومەر، بەنوێنەرایەتی سەنتەری میترۆ، وەک بەرپرسی پەیوەندییەکانی تۆڕی هاوپەیمانی 19، بەشداری خولێکی ڕاهێنانی لە شاری عەممانی پایتەختی ئوردن کرد، کە لەلایەن ناوەندی (مركز القانون الدولی الإنسانی - الشرق اڵاوسگ) ڕێکخرا بوو.
ڕاهێنانەکە بەناونیشانی " تدریب حول القانون الدولی الإنسانی للعاملین/ات فی مجال المساعدات الإنسانیە/ ڕاهێنان لەسەر یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی بۆ پەیڕەوکارانی بواری یارمەتییە مرۆییەکان"، بۆ ژمارەیەک لە نوێنەری ڕێکخراو و ناوەندە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان ڕێکخرا بوو.
لە جیهانی ئەمڕۆدا، پاراستنی مافە مرۆیی و مەدەنییەکان لە ناوچە ناسەقامگیرەکان رووبەڕووی ئاستەنگ و پاشەکشەی گەورە بووەتەوە، بۆیە تێگەیشتن لە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی (IHL) بووەتە پێویستییەکی گرنگ بۆ چالاکوانان و ئەندامانی مەیدانی تا بتوانن لە کارەکانیاندا داکۆکی لە مافە سەرەتاییەکان بکەن.
لەو چوارچێوەیەدا، ناوەندی ناوبراو خولێکی چڕی ڕاهێنانی بەڕێوەبرد کە تێیدا تێکەڵەیەک لە بنەما یاسایی و نێودەوڵەتییەکان و پراکتیکی مەیدانی پەیڕەوکرا. لەم ڕاهێنانەدا چەندین لایەنی گرنگ خوێندنەوەی بۆ کرا، لەوانە: ناساندنی پۆلێنکردنی پێکدادانە چەکدارییەکان، پەیوەندی نێوان یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی و یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ، پاراستنی دانیشتووانی مەدەنی، پرسەکانی کوچپێکردنی ستەمکارانە و فەرمانەکانی چۆڵکردن، هەروەها مافەکانی نیشتەجێبوون، زەویوزار و موڵکدارێتی لە کاتی پێکدادانەکاندا.
زیاتر لەوانەش، بابەتگەلە مەیدانی و پراکتیکییەکانی وەکو: شێوازەکانی گەیشتن بە یارمەتییە مرۆییەکان، لێپرسینەوە و بەدواداچوون بۆ پێشێلکارییەکان، میکانیزمەکانی بەبەلگەکردن، هەروەها بەکارهێنانی "ڕێبەری ستۆکهۆڵم/ Stockholm Handbook ڕێبەری پراکتیکی بۆ هەڵسەنگاندن و داکۆکیکردنی مرۆیی" بەوردی خوێندنەوەی بۆ کرا.
سەرەڕای ئەوانەش، لە خولەکەدا بەشداربووان لە ڕێگەی ڕاهێنانی مەیدانی و گفتوگۆی کراوە ئەزموونی خۆیان ئاڵوگۆڕ کرد، دەرفەت ڕەخسا بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی و کاری هاوبەش لە نێوان تۆڕ و ڕێکخراوە بەشداربووەکاندا لەسەر ئاستی ناوچەکە بۆ داکۆکیکردن لە مافە مرۆییەکان و چەسپاندنی بنەماکانی دادپەروەری و لێپرسینەوە بەپشتبەستن بە بنەماکانی یاسای
نێودەوڵەتییە مرۆییەکان.
ناوەندی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی (IHL Centre)، گرووپێکی سەربەخۆ و پێشەنگی ڕاوێژکاری یاساییە لە بواری یاسای نێودەوڵەتی مرۆیدا، زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە چەندین ناوچەی جیاوازی پێکداداندا بۆ بەهێزکردنی تواناکان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری یاسایی لە بواری مرۆییدا کار دەکات.