ئەمڕۆ، 19ی تشرینی دووەمی 2026، تیمی سەنتەری میترۆ پیشوازییان لە عەلی حەمە ساڵح، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێستی نیشتیمانی کرد.
دیدارەکە دەرفەتێک بوو بۆ گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی گشتی و ئەوەی کە پەیوەندیدارە بە ژینگەی کاری ڕۆژنامەگەری و ئازادی بیروڕا و ڕەخنەگرتن لە هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە لە بەشێکیدا ڕۆژنامەنووس محەمەد نوری ئامادە بوو، هاوڕا بووین لەسەر ئەوەی کە پڕۆسەی چاودێری و ڕەخنەگرتن لە ئەدای حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان بە ئامانجی لێ پرسینەوە ئەرکێکی گرنگە. لەم ڕوانگەیەوە، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست، عەلی حەمە ساڵح، پشتیوانی خۆی بۆ ئەرکی سەنتەری میترۆ و تۆڕی هاوپەیمانی ١٩ دەربڕی و داوای کرد تیمی میترۆ بەردەوام بێت لە ئەرکی چاودێری کردنی ئەدای حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان.
لەو دیدارەدا کە زیاتر لە سێ کاتژمێری خایاند، ئامادەبووان دەیان پرسیاریان دەربارەی بارودۆخی گشتی و ئەدای ئۆپۆزسیۆن و پرسی شەفافیەت و دیموکراسی ئاڕاستەی بڕیاردەری هەڵوێست کرد و ئەویش ڕاشکاوانە وەڵامی دانەوە.
ڕێکخەر و تیمی سەنتەری میترۆ بە گەرمی پێشوازییان لە بڕیاردەری هەڵوێست کرد و سوپاسی سەردانەکەیان کردن و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواستن لە کار و چالاکییەکانیاندا.