مافەکەت نادەنێ، ناهێڵن داواشی بکەیت



 یەکشەممە، 22ی تشرینی دووەمی 2026، مامۆستا عەلی رەئوف لە بەردەڕەشەوە چووە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران لە هەولێر بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی و خستنەڕووی داواکاریی نزیکەی 52 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەست، کە 53 رۆژ بوو مووچەیان وەرنەگرتبوو؛ بەڵام یەکسەر دەستگیر کرا.

مامۆستا عەلی رەئوف و دواتر مامۆستا محەمەد یاسین خرانە نێو مینی پاسێکی رەش و برانە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گشتیی هەولێر و لە ژوورێکدا دەستبەسەر کران. دواتر براونەتە ژووری بەڕێوەبەر و گفتوگۆ لەبارەی خۆپیشاندانەکەیانەوە کراوە و تا کاتژمێر 2ی پاشنیوەڕۆ ئازاد کراون.

عەلی رەئووف بە تۆڕی 19 ی راگەیاند هەندێک لە ئەفسەرەکان پێشتر قوتابیی خۆم بوون، ئەوەش هەستێکی ناخۆش بوو بۆ من."
دوای ئازادبوونیان، لەبری گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، چوونە بەردەم دادگا بە مەبەستی سازدانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ، بەڵام پۆلیسی هەولێر جارێکی دیکە مامۆستا عەلی رەئوفی دەستگیر کردەوە و بردییەوە بۆ پۆلیس و تا کاتژمێر 4 دەستبەسەر بوو، پاشان ئازاد کرا.

مامۆستا عەلی بە تۆڕی 19 ی گوت گەورەترین پێشێلکاری ئەوەیە مافی خۆت پێنەدەن، پاشان نەهێڵن داوای مافەکەشت بکەیت. 
ژمارەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست نزیکەی 52 هەزار کەسە و مووچەکانیان لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت، کە زۆر بە کەمی رووی داوە دوا نەکەوێت.

مافی ئازادیی رادەربڕین یەکێکە لە مافە بنەڕەتییەکان و بنەمای سەرەکیی هەر کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی، کە رێگە بە هەموو تاکێک دەدات بەبێ ترس و جیاکاری بیروڕای خۆی دەرببڕێت. مامۆستا عەلی و هاوڕێکانی هیچ تاوانێکیان نەکردووە تا دەستبەسەر بکرێن، بۆیە وەک تۆڕی 19 سەرکۆنەی ئەم کارە دەکەین.

تۆڕی 19 لەلایەن کۆمەڵێک رێکخراوی داکۆکیکاری مافی مرۆڤەوە دامەزراوە و سەنتەری میترۆ سەرپەرشتیی دەکات. تۆڕەکە داکۆکی لە پرەنسیپەکانی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانی دیکەی تایبەت بە ماف و ئازادییەکان دەکات، بەتایبەتی بەندی 19ی جاڕنامەکە.


AM:10:07:23/11/2026




ئه‌م بابه‌ته 68 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌