سلێمانی 25ی حوزەیرانی 2025: تۆڕی هاوپەیمانی 19 داوا دەكات دەستبەجێ سەرجەم راگیراوەكان ئازاد بكرێن، دەستگیركردنی هەڕەمەكی و دەستبەسەركردنی نایاسایی بوەستێنێت، حكومەت وەڵامی قایلكەری پێبێت بۆ ناڕەزایەتیەكان، پێداویستی و داوا ڕەواكانیان دابینبكات، ڕاشكاو و شەفاف بن سەبارەت بە كێشە داراییەكانیان لەگەڵ حكومەتی عێراق.
شەوی رابردوو لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە بەجیا داوا لە هەردوو رێكخەری خۆپیشاندانەكە، عوسمان گوڵپی و دڵشاد میرانی دەكرێت بچن سەردانی ئاسایش بكەن، پاش ئەوەی دەچن، ئیتر سۆراغیان نامێنێت.
عادل حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی بە تۆڕی 19ی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ خانەوادەی دەستگیركراوان چوون بۆ سۆراغیان لە ئاسایشی گشتی سلێمانی، پێیان وتوون، "لای ئێمەن سبەینێ ئازادیان دەكەین، بەڵام تا ئێستا هەر لەوێ ماونەتەوە".
هەروەها پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، كۆمەڵێك مامۆستا كۆنگرەیەكی رۆژنامەگەرییان لەبەردەم باخی گشتی سلێمانی ئەنجامدا كە تیایدا داوای ئازاد كردنی هاوڕێكانیان كرد، كە لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستگیركران، هەروەها دەستیان گرت بەسەر كەلەوپەلی رۆژنامەوانی تیمێكی كەناڵی ئێن ئارتی.
هاوكات رەوتی هەڵوێست رایگەیاند، ژمارەیەك مامۆستاو فەرمانبەری ناڕازی لەبەردەم ئۆفیسی هەڵوێست لە سلێمانی، لەلایەن هێزێكەوە كە بەرگی مەدەنییان لەبەر بووە، دەستگیكراون.
مامۆستا و فەرمانبەرە دەستگیركراوەكان، (نەجمەدین محەمەد، دلاوەر عەلی، زریان عەلی، مونیرە عەبدوڵا، شەهلا عەلی، نور فەریق و محەمەد ڕەسوڵ)، رێكخەری ئەو خۆپیشاندانە بوون كە بڕیارە پێنج شەممە بەڕێوەبچێت .
رۆژی شەممە، 21ی حوزەیران، دەستەیەك لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا داوایان لە چین و توێژەكان كرد: ڕۆژی پێنجشەممە بێنە سەر شەقام و دژی گەندەڵی و نادادی و دواكەوتنی مووچە داوای مافی خۆیان بكەن.
ئەمەو دوێنێ 24ی حوزەیران، لەكاتی ئامادەكردنی راپۆرتێك لە ناو بازاڕی شاری سلێمانی تیمێكی ئێن ئارتی، (عەلی ساڵح، میر سەركەوت) لە لایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستگیركران و پاش چەند كاتژمێرێك ئازاد كران.
دەستگیركردنی تیمەكەی ئێن ئارتی هاوكات بوو لەگەڵ راگەیاندراوێكی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی كە وتبووی، "ئەنجامدانی خۆپیشاندان لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەكەی پێدا تێپەڕدەبێت گونجاو نییە".
داوا دەكەن، "خۆپیشاندانەكە بۆ كاتێكی سەقامگیرتر دوابخەن تا هاوكار و هەماهەنگ بین لەگەیاندنی پەیامەكانیان بەشێوەیەكی شارستانیانە و دوور لەهەر ئەگەرێكی توندوتیژی و رووداوی نەخوازراو".
لە بەرامبەردا، مامۆستایان و فەرمانبەران داواكەی لیژنەی ئەمنییان رەتكردەوە و رایانگەیاند راگەیاندراوەكەیان بۆ خۆپیشاندانی ئاشتیانە وەك خۆیەتی.
سەبارەت بە دەستبەسەركردنی رێكخەرانی خۆپیشاندانەكە عەقید سەلام عەبدولخالق وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەمرۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا ریاگەیاند كە خۆپیشاندان مافی هاوڵاتیانە، لیژنەی ئەمنی نەیووتوە خۆپیشاندان قەدەغەیە بەڵكو كاتەكەی بە گونجاو نەزانیوە، ووتی" زانیاری تەواومان هەبوو كە بەرەو توندوتیژی دەڕوات، چەند دەستێكیش خۆپیشاندانەكە تێكبدات" ووتیشی " بە پێی مادی 10 لە یاسای خۆپیشاندان 11 كەسمان راگرتوە".
بە پێی مادەی 10 لە یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2010 یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان "هەر كەسێك سەرپێچیی حوكمەكانی ئەم یاسایە بكات، سزای بەند كردنی بە سەردا دەسەپێت، بە ماوەیەك كە لە مانگ زیاتر نەبێت یان بە غەرامەیەك كە لە پەنجا هەزار دینار كەمتر و لە پێنج سەد هەزار دیناریش زیاتر نەبێت، یان بە هەردوو سزاكە".
تۆڕی هاوپەیمانی 19 داوا دەكات:
1. مادەی 10 لە یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2010 یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەو كەسانەن كە سەرپێچی ئەحكامەكانی یاساكەیان كردبێت، جارێ خۆپیشاندان نەكراوە، ناكرێت كەسێك یان كۆمەڵە كەسێك سەرپێچی نەكردبێت، بەو مادەیە رابگیرێت.
2. دەستبەجێ سەرجەم راگیراوەكان ئازاد بكرێن، دەستگیركردنی هەڕەمەكی و دەستبەسەركردنی نایاسایی بوەستێنێت، حكومەت وەڵامی قایلكەری پێبێت بۆ ناڕەزایەتیەكان، پێداویستی و داوا ڕەواكانیان دابین بكات، ڕاشكاو و شەفاف بن سەبارەت بە كێشە داراییەكانیان لەگەڵ حكومەتی عێراق.
3. ئەندامانی دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، (عوسمان گوڵپی و دڵشاد میرانی، نەجمەدین محەمەد، دلاوەر عەلی، زریان عەلی، مونیرە عەبدوڵا، شەهلا عەلی، نور فەریق و محەمەد ڕەسوڵ) ئازاد بكەن.
4. ولیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی، لە رێگەی رێوشوێنی ئەمنیی گونجاو، رێكخەران و بەشداربووانی خۆپیشاندانەكە و میدیاكاران بپارێزن.
تۆڕی هاوپەیمانی19:
لە كۆمەڵێك رێكخراوی داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ، پێكهاتووە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنسیپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەكە.