سلێمانی، 26ی حوزەیرانی 2025: سەنتەری میترۆ، بە توندی سەركۆنەی هەڵمەتەكانی دەستگیركردنی رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی مەدەنی و سیاسی دەكات، پێشوازی لە ئازادكردنی تیمەكانی راگەیاندن و كۆمەڵێك لە چالاكوانان دەكات و داوادەكات دەستبەجێ هەموو راگیراوان لە دۆسیەی خۆپیشاندانەكە ئازاد بكرێن.
لە بەیانی ئەمڕۆوە لە شەقامی سالم و كۆڵانەكانی، بە مەبەستی رێگرتن لە چالاكییەكی مەدەنی، هێزە ئەمنییەكان، دەستیان كرد بە دەستبەسەركردنی نایاسایی، تیمەكانی راگەیاندن و ئەو كۆمەڵە چالاكوانەی كە نیازیان بوو لەبەردەم پەروەردەی رۆژئاوا خۆپیشاندان بكەن.
ناوی تیمەكانی راگەیاندن كە ئەمڕۆ دەستبەسەركران و پاشان ئازاد كران:
(پێشەوا نەوزاد ، نەبەز هیدایەت، هانا محمود، دژوار عمر، سەركۆ حەمە فائق ، محمد دڵشاد، شادۆست فەرهاد، كاروان عمران، سیروان علی، مەهران رەمەزانان، نزار ستار، ژیلیا عەلی، ئیبراهیم ساڵح، ئەیوب عەزیز، محمد سەعدوڵا، حەسەن محمەد، هۆشیار محمد، هێمن محمد).
هەرچەندە ئاسایشی سلێمانی بە سەنتەری میترۆی راگەیاندبوو، كە هەموو تیمە راگیراوەكان ئازادكراون، بەڵام ئیدارەی كەناڵی سپێدە پێیان راگەیاندین كە تیمەكەیان( ئیبراهیم ساڵح و ئەیوب عەزیز) ئازاد نەكراون.
هەروەها سەرچاوەیەكی ئاگادار بە وێستگەنیوزی راگەیاندووە، "53 خۆپیشاندەر و 14 میدیاكار دەستگیركرابوون، ئازادكراون، بەڵام 14 كەسی ڕێكخەرانی خۆپیشاندانەكە ئازاد نەكراون".
سەنتەری میترۆ بە توندی سەركۆنەی هەڵمەتەكانی دەستگیركردنی رۆژنامەنووسان و چالاكوانی مەدەنی و سیاسی دەكات، پێشوازی لە ئازادكردنی تیمەكانی راگەیاندن و كۆمەڵێك لە چالاكوانان دەكات و داوادەكات دەستبەجێ هەموو راگیراوان لە دۆسیەی خۆپیشاندانەكە ئازاد بكرێن.
باگراوندی رووداوەكان,
شەوی25ی حوزەیران لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە بەجیا داوا لە هەردوو رێكخەری خۆپیشاندانەكە، عوسمان گوڵپی و دڵشاد میرانی دەكرێت بچن سەردانی ئاسایش بكەن، پاش ئەوەی دەچن، ئیتر سۆراغیان نامێنێت.
عادل حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی بە تۆڕی 19ی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ خانەوادەی دەستگیركراوان چوون بۆ سۆراغیان لە ئاسایشی گشتی سلێمانی، پێیان وتوون، "لای ئێمەن، سبەینێ ئازادیان دەكەین، بەڵام تا ئێستا هەر لەوێ ماونەتەوە".
هەروەها پاش نیوەڕۆی دوێنێ 25ی حوزەیران، كۆمەڵێك مامۆستا كۆنگرەیەكی رۆژنامەگەرییان لەبەردەم باخی گشتی سلێمانی ئەنجامدا كە تیایدا داوای ئازاد كردنی هاوڕێكانیان كرد، كە لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستگیركران لە ناویاندا چالاكوان ( دڵسۆز زەنگەنە)، هەروەها دەستیان گرت بەسەر كەلەوپەلی رۆژنامەوانی تیمێكی كەناڵی ئێن ئارتی.
هاوكات رەوتی هەڵوێست رایگەیاند، ژمارەیەك مامۆستا و فەرمانبەری ناڕازی لەبەردەم ئۆفیسی هەڵوێست لە سلێمانی، لەلایەن هێزێكەوە كە بەرگی مەدەنییان لەبەر بووە، دەستگیكراون.
مامۆستا و فەرمانبەرە دەستگیركراوەكان، (نەجمەدین محەمەد، دلاوەر عەلی، زریان عەلی، مونیرە عەبدوڵا، شەهلا عەلی، نور فەریق و محەمەد ڕەسوڵ)، رێكخەری ئەو خۆپیشاندانە بوون كە بڕیارە پێنج شەممە بەڕێوەبچێت .
رۆژی شەممە، 21ی حوزەیران، دەستەیەك لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا داوایان لە چین و توێژەكان كرد: ڕۆژی پێنجشەممە بێنە سەر شەقام و دژی گەندەڵی و نادادی و دواكەوتنی مووچە داوای مافی خۆیان بكەن.
هەروەها لە 24ی حوزەیران، لەكاتی ئامادەكردنی راپۆرتێك لە ناو بازاڕی شاری سلێمانی تیمێكی ئێن ئارتی، (عەلی ساڵح، میر سەركەوت) لە لایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستگیركران و پاش چەند كاتژمێرێك ئازاد كران.
دەستگیركردنی تیمەكەی ئێن ئارتی هاوكات بوو لەگەڵ راگەیاندراوێكی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی كە ووتبووی، "ئەنجامدانی خۆپیشاندان لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەكەی پێدا تێپەڕدەبێت گونجاو نییە".
داوا دەكەن، "خۆپیشاندانەكە بۆ كاتێكی سەقامگیرتر دوابخەن تا هاوكار و هەماهەنگ بین لەگەیاندنی پەیامەكانیان بەشێوەیەكی شارستانیانە و دوور لەهەر ئەگەرێكی توندوتیژی و رووداوی نەخوازراو".
لە بەرامبەردا، مامۆستایان و فەرمانبەران داواكەی لیژنەی ئەمنییان رەتكردەوە و رایانگەیاند راگەیاندراوەكەیان بۆ خۆپیشاندانی ئاشتیانە وەك خۆیەتی.
سەبارەت بە دەستبەسەركردنی رێكخەرانی خۆپیشاندانەكە عەقید سەلام عەبدولخالق وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەمرۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا ریاگەیاند كە خۆپیشاندان مافی هاوڵاتیانە، لیژنەی ئەمنی نەیووتوە خۆپیشاندان قەدەغەیە بەڵكو كاتەكەی بە گونجاو نەزانیوە، ووتی" زانیاری تەواومان هەبوو كە بەرەو توندوتیژی دەڕوات، چەند دەستێكیش خۆپیشاندانەكە تێكبدات" ووتیشی " بە پێی مادی 10 لە یاسای خۆپیشاندان 11 كەسمان راگرتوە".
بە پێی مادەی 10 لە یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2010 یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان "هەر كەسێك سەرپێچیی حوكمەكانی ئەم یاسایە بكات، سزای بەند كردنی بە سەردا دەسەپێت، بە ماوەیەك كە لە مانگ زیاتر نەبێت یان بە غەرامەیەك كە لە پەنجا هەزار دینار كەمتر و لە پێنج سەد هەزار دیناریش زیاتر نەبێت، یان بە هەردوو سزاكە".