پارێزبەندی فریای پەرلەمانتاران ناكەوێت




تۆڕی هاوپەیمانی19: دەستگیركردن و لێپێچینەوە لە پەرلەمانتاران لەكاتی ئەركی پەرلەمانیدا، بەهۆی بیروڕایان رەتدەكاتەوە، پێویستە ئەندامانی پەرلەمان بە ئازادی و سەربەخۆ ئەركی خۆیان بەبێ ترس لە لێپێچینەوە یان تۆقاندنیان ئەنجام بدەن، دەستبەجی (سیپان ئامێدی)  ئازاد بكەن. 
ئەمڕۆ یەكشەممە 29ی حوزەیرانی2025 ، لە پارێزگای دهۆك، هێزێكی ئەمنی (سیپان ئامێدی) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی نەوەی نوێیان دەستگیركرد.
 فراكسیۆنەكەیان دەڵێت:  "رفاندویانە و بەرەو شوێنێكی نادیاریان بردووە" هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە دەگێڕنەوە كە پەرلەمانتارەكەیان "رەخنەی لە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان گرتووە".
بە پێی ماددەی 24ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان "ئەندام لە رۆژی سوێند خواردنی یاساییەوە پارێزبەندی پەرلەمانی دەبێت و ناتوانێت بەبێ مۆڵەتی پەرلەمان تەنازولی لێ بكات"، هەروەها " ئەندام ئازادیی ئاخاوتن و رادەربڕینی تەواوی لەكاتی ئەنجامدانی كاری پەرلەمانیدا هەیە، بەشێوەیەك رەچاوی رێزگرتن لە دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێم لە چوارچێوەی یاسا كارپێكراوەكاندا بكات".
پێشتریش رۆژی پێنج شەممە 26ی حوزەیران، لە شاری سلێمانی، هێزێكی ئەمنی (عەلی حەمە ساڵح) سەرۆكی فراكسیۆنی هەڵوێستیان دەستگیركرد، هەمان رۆژ ئازاد كرا.
تۆڕی هاوپەیمانی19 جەختدەكاتەوە بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان "بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی، پێویستی بە دەنگی زۆرینەی ئامادەبووانی پەرلەمانە و لە دەرەوەی وەرزەكانی یاسادانانیش دەستەی سەرۆكایەتی بڕیار لەسەر هەڵگرتنی دەدات." بنكەیەكی پۆلیس یان ئاسایش ناتوانێ ئەو پارێزبەندییە هەڵبگرێت.
تۆڕی هاوپەیمانی19 دەستگیركردن و لێپێچینەوە لە پەرلەمانتاران لەكاتی ئەركی پەرلەمانیدا، بەهۆی بیروڕایان رەتدەكاتەوە، پێویستە ئەندامانی پەرلەمان بە ئازادی و سەربەخۆ ئەركی خۆیان بەبێ ترس لە لێپێچینەوە یان تۆقاندنیان ئەنجام بدەن، دەستبەجی (سیپان ئامێدی ) ئازاد بكەن .


AM:10:06:30/06/2025




ئه‌م بابه‌ته 52 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌