داوا دەكەین دڵشاد زێباری ئازاد بكرێت



تۆڕی هاوپەیمانی 19 دەستگیركردنی چالاكوانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دڵشاد زێباری سەركۆنە دەكات و داوا دەكات تۆمەتەكانی لەسەر لاببرێت و ئازاد بكرێت.
ئەمڕۆ دوو شەممە 1ی تەمووزی 2025، لە ناو بازاڕی قەزای ئاكرێ سەر بە پارێزگای دهۆك، دڵشاد زێباری لە لایەن هێزێكی ئەمنییەوە، دەستگیركرا.
ئیدریس محمد هاوڕێییەکی دەستگیركراوەكە لە تۆڕی فەیسبووك پۆستێكی بڵاوكردۆتەوە نوسیویەتی "هێزێكی ئەمنی لە ئاكرێ برای بەڕێزم كاك دڵشاد زێباری خستە كونجی زیندان، بەڕێزیان پیاوێكی بە هەڵوێست و بوێر و رەخنەگرێكی دیار و چالاكوانێكی مەدەنییە لە ئاكرێ... بە هیوای ئازارنەدان و ئازادكردنی بە زووترین كات"
دڵشاد زێباری، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پۆستی رەخنەگرانە بڵاودەكاتەوە، دواهەمین پۆستی رەخنەی تەنزئامێز بووە لەسەر مووچە.
بە پێی زانیارییەكانی تۆڕی هاوپەیمانی 19 خانەوادەی دەستگیركراوەكە، پەیوەندییان بە ئاسایشی ئاكرێ كردووە، پێیان ووتون " لای ئێمەیە و سەلامەتە"
تۆڕی هاوپەیمانی 19 دەستگیركردنی چالاكوانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دڵشاد زێباری سەركۆنە دەكات و داوا دەكات تۆمەتەكانی لەسەر لاببرێت و ئازاد بكرێت.


AM:10:41:02/07/2025




ئه‌م بابه‌ته 88 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌