سەنتەری میترۆ ئیدانەی دەستگیركردنی تیمەكانی وێستگەنیوز و ئێن ئاڕ تی دەكات و داوا دەكات دەستبەجێ دەستگیركراوان ئازاد بكرێن.
دوێنێ شەو، 9ی تەمووزی 2025، دوو تیمی میدیایی وێستگەنیوز و ئێن ئاڕ تی لەكاتی رووماڵكردنی توندوتیژییەكانی بەردەرەش لە سنوری روڤیای پارێزگای دهۆك دەستگیركران و تا ئێستا بێ سەروشوێنن.
دەستگیركراوان پێك هاتوون لە (ڕزگار كامیل) پەیامنێری وێستگەنیوز و (تایف گۆران و ڕەیان سدقی) پەیامنێر و وێنەگری ئێن ئاڕ تی.
لەمبارەیەوە وێستگە نیوز دەڵێت، "دوای ئەوەی بەشێوەیەكی مەیدانی و پیشەییانە بۆ گەیاندنی راستییەكان، رزگار كامیل، پەیامنێری وێستگەنیوز لە سنووری دهۆك چووە سنووری روڤیا و رووماڵی رووداوی شەڕی نێوان هەركی و هێزە ئەمنییەكانی بكات، رفێندرا."
هەروەها كەناڵی ئێن ئاڕتی بڵاویان كردوە كە "پەیامنێرو وێنەگرەكەیان لەلایەن هێزێكی پارتییەوە رفێندراون بێسەروشوێنن"
سەنتەری میترۆ داواكاری خۆی دووبارە دەكاتەوە بۆ ژینگەیەكی میدیایی هەمەچەشن و فرەیی ڕاستەقینە، كە تێیدا دەزگاكانی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ بۆ پێدانی زانیاری و هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان، ئازادانە دوور لە پاوانكردنی زانیاری و ئاستەنگ بۆ یاسای رۆژنامەگەری كاری خۆیان بكەن.
زۆربەی ئەو رووداوانەی كە لە شارەكانی هەرێمی كوردستان بەهای هەواڵییان هەیە، هێزە ئەمنییەكان ئاستەنگ بۆ تیمەكانی راگەیاندن دروستدەكەن تا ڕوماڵەكانیان ئەنجام نەدەن.
سەنتەری میترۆ ئیدانەی دەستگیركردنی تیمەكانی وێستگەنیوز و ئێن ئاڕ تی دەكات و داوا دەكات دەستبەجێ دەستگیركراوان ئازاد بكرێن.