سلێمانی، 21ی تەمووزی 2025: تۆڕی هاوپەیمانی 19 بەكارهێنانی هێز و توندوتیژی بەرانبەر بە پزیشكانی دانەمەزراو لەناو دیوانی وەزارەتی تەندروستی ئیدانە دەكات، داوا دەكات رێوشوێنی یاسایی و ئیداری بەرانبەر ئەو كارمەندانە بگیرێتەبەر كە بەشەق و بۆكس وەڵامی داواكاری رەوای پزیشكان دەدەنەوە.
رۆژی یەكشەممە 20ی تەمووز، پاش تەواو بوونی كۆبوونەوەی نێوان وەزیری تەندروستی و پزیشكانی دانەمەزراو، لەناو پرسگەی وەزیر، دەمەقاڵێ و پشێوی لە نێوان چەند پزیشكێكی دانەمەزراو و كارمەندانی ئۆفیسی وەزیر دروست دەبێت، هێرش دەكرێتە سەر ژمارەیەك پزیشك و چەند پزیشكێك بریندار دەبێت.
ئەم پزیشكانە نوێنەری 53 دەرچوون كە لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان خوێندنیان تەواو كردووە، چەندین جار لە بەردەم وەزارەتی تەندروستی چالاكییان ئەنجامداوە بۆ دامەزراندن، بەڵام وەڵامێكی قایلكەریان دەستنەكەوتووە.
ئالان جەمال یەكێك لە بەشداربووانی كۆبونەوەكە لەگەڵ وەزیری تەندروستی بۆ تۆڕی هاوپەیمانی 19 باسی لەوەكرد كە ئەنجامێكی قایلكەریان دەستنەكەوتووە كاتێكیش بە وەزیر دەڵێن وەڵامێكیان پێ بدات تا بۆ هاوڕێكانیانی باس بكەن گووتی" وەزیر ووتی پێیان بڵێ سڵاوم بۆیان هەیە"
كاتێك ئالان دێتە ژووری پرسگەی وەزیر كە كۆمەڵێك هاوڕێی چاوەڕوانیان بوون هەمان قسەی وەزیریان بۆ دەگوازێتەوە "وەزیر سڵاوی هەیە بۆتان"، ئیتر لەوكاتە دەنگی ناڕەزایی بەرزدەبێتەوە.
ئالان گووتی"یەكێك لە كارمەندەكان بە بۆكس هێرشی كردە سەر هاوكارێكمان و خوێن بە رووخساریا هاتە خوارەوە"
ئالان دەڵێت، توشی شۆك بووین كە تیمی پرۆتۆكۆل دێن بۆ هێوركردنەوە، هاوكارە بریندارەكەمان دەبەن تا دۆخەكە هێور بكەنەوە، بەڵام كە دەیهێننەوە جارێكی تر بە كۆمەڵ پەلاماری دەدەن، گووتی، "دڵڕەقانە هێرشیان بۆ هێناین دوو كەسمان لەهۆش خۆی چوو، زۆربەشمان لێمان درا "جەختیكردەوە" پاش ئەوەی كۆنگرەی رۆژنامەگەریم بەست داوایان لێكردم بچم كۆنگرەیەكی تر بكەم قسەكانم بگۆڕم من ئەوەم نەكرد بۆیە داوای یاساییان لەسەر تۆمار كردم"
لێدوانی رەسمی د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، دەڵێت " ژمارەیەك گەنج بۆ داواكاری دامەزراندن سەردانی وەزارەتی تەندروستییان كرد، دوای پێشوازیكردن و چاوپێكەوتن و ڕێزگرتن و گوێگرتن لە داواكاریەكانیان، بەڵام دواتر بەداخەوە لە پرسگە بووەتە دەمەقاڵێیان لەگەڵ چەند كارمەندێك، پاشان پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان هەوڵی هێوركردنەوەی دۆخەكەیان داوە، بۆ ئەم مەبەستە ڕێكاری یاسایی بەرانبەر بەو كەسانە گیراوەتەبەر كە بوونەتە هۆی پشێوی، بەپێی ڕێكارەكانی لێكۆلینەوە، مافی هەموو لایەك پارێزراو دەبێت و پێویستە هەموو لایەك ڕێز لە شكۆی دامودەزگا خزمەتگوزارییەكان بگرێت".
تۆڕی هاوپەیمانی 19 بەكارهێنانی هێز و توندوتیژی بەرانبەر بە پزیشكانی دانەمەزراو لەناو دیوانی وەزارەتی تەندروستی ئیدانە دەكات، داوا دەكات رێوشوێنی یاسایی و ئیداری بەرانبەر ئەو كارمەندانە بگیرێت كە بەشەق و بۆكس وەڵامی داواكاری رەوای پزیشكان دەدەنەوە.
ئێستا پزیشكان لە وەڵامی داخوازییەكەیان تەنها سڵاوێكی وەزیری تەندروستی و شەقوەشاندنیان لە كارمەندانی ئۆفیسەكەی و رێكاری یاسایی "دژ بەو كەسانە گیراوەتەبەر كە بوونەتە هۆی پشێوی" دەستكەوتووە، ئالان جەمال دەپرسێت ئایا ئەمە رەوایە؟
تۆڕی هاوپەیمانی 19 كۆمەڵێك رێكخراو و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ دایانمەزراندوە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنیسپەكانی جاڕنامەی گەردونی مافی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەكە.