پەنابردن بۆ یاسا هەنگاوێكی ئەرێنیە، پێشوازی لێ دەكەین



سلێمانی، 28ی تەمووزی 2025: تۆڕی هاوپەیمانی19 كە زیاتر لە 30 رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی و دەیان پارێزەری مافی مرۆڤ پێكدێن، رایدەگەیەنێت نابێت جیاوازییەكان بكەرێنە بۆنەیەك بۆ هۆنینەوەی درۆ و بوختان و هێرش كردنە سەر كەرامەتی ئینسانی هەر هاوڵاتییەك، هیچ یاسایەكیش درۆزن و بوختانكەر ناپارێزێت.

شنیار ئەنوەر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە بەردەم دادگای سلێمانی كۆنگرەی رۆژنامەنووسی كرد و داوای یاسایی لەسەر رۆژنامەنووسێك تۆمار كرد كە "درۆ"ی بۆ هەڵبەستووە.

هەنگاوێكی ئەرێنییە بەرپرسانی حكومی و حزبی، بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانیان لەگەڵ رۆژنامەنووسان، پەنا بۆ یاسا ببەن.
تۆڕی19 چاودێری ئەوەی كردووە، كە لەماوەی رابردوودا و تا ئێستا، بە شێوەیەكی رێكخراو هێرش دەكرێتە سەر پەرلەمانتار (شنیار ئەنوەر)، زۆرێك لە هەڵوێستەكانی بە ئەنقەست دەشێوێنرێن. 

ئاساییە لەگەڵ (شنیار ئەنوەر) وەك پەرلەمانتار و چالاكوانێكی سیاسی جیاوازبیت، ئەو جیاوازییەش ئازادانە دەرببڕیت، بەڵام ناكرێت جیاوازییەكان بكەینە بۆنەیەك بۆ هۆنینەوەی درۆ و بوختان و هێرشكردنە سەر كەرامەتی ئینسانی، هیچ یاسایەكیش درۆزن و بوختانكەر ناپارێزێت. 

لەكاتێكدا كە داوای ژینگەیەكی لەبار و سەلامەت بۆ رۆژنامەنووسان دەكەین، داواش دەكەین میدیاكاران بە دوای حەقیقەتدا بگەڕێن و پارێزەری ناوبانگی رۆژنامەگەری و ئەو دەزگایە بن كە كاری تێدا دەكەن.

تۆڕی 19 جەخت دەكاتەوە "پەنابردن بۆ تۆماركردنی سكاڵای یاسایی لە دادگاكان بۆ پاراستنی مافی ئەو كەسانەی كە بەهۆی راپۆرت و هەواڵی رۆژنامەنووسان زەرەرمەند بوون پارێزراوە و هەنگاوێكی پێشكەوتووە ، بەڵام نەكرێتە نەریتێك بۆ فشار، تا باس لە كەیسە هەستیارەكان نەكەن"

تۆڕی 19 لەلایەن كۆمەڵێك رێكخراو و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤەوە دامەزراوە، (سەنتەری میترۆ) سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرەنسیپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەكە.


AM:11:26:29/07/2025




ئه‌م بابه‌ته 132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌