سلێمانی 9ی ئەیلولی 2025: تۆڕی هاوپەیمانی 19 پشتیوانی داخوازی پزیشكانی دەرەوە دەكات لە دامەزراندنیان و دابینكردنی ژیانی شایستە بۆ خۆیان و خێزانەكانیان، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات مافی ئەو 53 پزیشكە دەستەبەر بكات و داخوازییەكانیان جێبەجێبكات.
رۆژی یەكشەممە پزیشكانی دانەمەزراوی دەرچووی دەرەوەی وڵات، لەناو حەوشەی وەزارەتی تەندروستی مانیان گرت، ئەم چالاكییە لە درێژەی دەیان چالاكی جۆراوجۆرە كە ئەم دەرچوانە رێكیدەخەن بۆ مافی دامەزراندن.
یەك لەو ڤیدیۆیانەی كە بۆ تۆڕی 19 نێردراوە، خاتونێكی بەشداربووی مانگرتنەكەیە، لە ناو حەوشەی وەزارەتی تەندروستی بە دەنگێكی خەمبار دەڵێت " یەكلایمان بكەنەوە یەكلایی، ژیان بە دوو دڵی زۆر ناخۆشە، ئەنگۆ تیایدا نەژیاون، ئەمن چوار ساڵە چاوەڕێی ئەوڕۆمە"
ئالان جەلال یەك لەو مانگرتوانە بوو، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی19ی راگەیاند 45 پزیشك لەناو وەزارەتی تەندروستی مانمان گرت بۆ داخوازی رەوامان لە دامەزراندن ووتی " نزیكەی 10 كاتژمێر لە حەوشەی وەزارەت مانمان گرت یەك بەرپرسی ئەو وەزارەتە نەهاتن گوێ لە داخوازییەكانمان بگرن"
رێكەوتی 01ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، فەرمانی دامەزراندنی بۆ 775لە دەرچووانی كۆلێژی پزیشكی زانكۆكانی (سلێمانی، هەولێری پزیشكی، دهۆك، زاخۆ، كۆیە، گەرمیان و زانكۆی كوردستان)ی دەركرد.
ئالان جەلال ووتی " دڵخۆشین بە دامەزراندنی ئەو هاوكارانەمان بەڵام هەمان ئەو مەرجانە لە ئێمەدا كە 53 دەرچووی بەشی پزیشكین كە لە زانكۆكانی دەرەوەی وڵات خوێندنمان تەواو كردوە" پرسیاریكرد " بۆچی دەبێت ئەو بڕیاری دامەزراندنە بۆ ئێمەش نەبێت؟"
بە پێی بەدواداچوونی تۆڕی19، لە كۆی ئەو 53 پزیشكە، 39 دەرچوویان دانیشتووی شاری سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕینن كە رێژەی لە %74 ئەو دەرچووانە پێكدەهێنن.
لێكەوتەی دەرهێنانیان لە پرۆسەی دامەزراندن لە نەخۆشخانەكانی كەرتی گشتی، پلە بەندی پزیشكییان بۆ نابڕن، تەنانەت بێبەش دەبن لە كاركردن لە كەرتی تایبەت و خوێندنی 20ساڵیان لەكیس دەچێت كە لە رێی وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە نێردراون بۆ تەواوكردنی خوێندن.
مافی دامەزراندن فرسەتی یەكسان بۆ هەلی كار یەكێكە لەمافە بنەڕەتییەكانی مرۆڤ، لە چەندین پەیمان و ئامرازی نێودەوڵەتیدا دانپێدانراوە بە ئامانجی دابینكردنی ژیانێكی شایستە، حكومەتەكان بەرپرسیارن لە رێزگرتن و پاراستن و جێبەجێكردنی ئەم مافە.
تۆڕی هاوپەیمانی 19، پشتیوانی داخوازی پزیشكانی دەرەوە دەكات لە دامەزراندنیان دابینكردنی ژیانی شایستە بۆ خۆیان و خێزانەكانیان، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات مافی ئەو 53 پزیشكە دەستەبەر بكات و داخوازییەكانیان جێبەجێبكات.
تۆڕی هاوپەیمانی19، لە كۆمەڵێك رێكخراوی داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ، پێكهاتووە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنسیپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەكە.