سلێمانی، 30 ئەیلول 2025: تۆڕی هاوپەیمانی 19 ڕواڵەتەكانی توندوتیژی بەرانبەر بە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەی نەوەی نوێ، بەهۆی رەخنەگرتنەوە شەرمەزار دەكات، داوا لە خاچی سووری نێودەوڵەتی و كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق دەكات بۆ هەواڵپرسینی تەندروستیی و مامەڵەی خراپ لەگەڵیدا بە زووترین كات سەردانی بكەن.
كاتژمێر 7ی بەیانی، رۆژی یەكشەممە، 28ی ئەیلولی 2025، بەبێ هیچ ئاگاداركردنەوەیەكی پێشوەختەی پارێزەرەكانی، شاسوار عەبدولواحیدیان بە كەلەپچەكراوی گواستەوە بۆ دادگای سلێمانی.
رێبوار عەبدولڕەحمان، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر لیستی نەوەی نوێ بە هاوپەیمانی19ی راگەیاند، لەكاتی راپێچكردنی سەرۆكی نەوەی نوێ بۆ دادگای سلێمانی، هێزێكی چەكداری یەكێتی كە نزیكەی 50 كەس بوون، بەشێوازێكی نەشیاو مامەڵەیان لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید كرد.
رێبوار گووتی، "بەڵی بە توندی مامەڵەی لەگەڵ كراوە و ئەشكەنجەیاندا، بەشێوەیەك كە كەلەپچەی لەدەستكرابوو و بە كەلەپچەكە راكێشراوە و بەهۆیەوە بریندار بووە".
جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەیاننامەیەكی لە بارەی رووداوەكەوە دەركرد و داوایكرد لە گشت باڵیۆزخانەی وڵاتان، و ئەوانەی كە گرنگی بە بەرگریكردن لە دیموكراسیەت لە هەرێمی كوردستان دەدەن، كە بەجدی لەم كەیسە بڕوانن. هەروەها، داوایانكردووە، "هەموو ئەو كەیسانەی كە دژی شاسوار عەبدولواحیدن بگوێزرێنەوە بۆ دادگاكانی بەغداد".
لە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤدا، بە روونی باس لەوە دەكات كە هەموو كەسێك مافی ژیان و ئازادی و ئاسایشی كەسی هەیە، نابێت هیچ كەسێك تووشی ئەشكەنجە و مامەڵەی دڕندانە و نامرۆڤانە ببێتەوە یان كەرامەتی مرۆیی بشكێندرێت.
سەرۆكی نەوەی نوێ بەرەنگاری هێزی پۆلیس و ئەفسەرانی نەبۆتەوە یان هەوڵی دەربازبوون و هەڵهاتنی نەداوە، چەك و ئاسنی پێنەبووە، تا بە زەبری هێز رایبگرن.
تۆڕی 19 لەگەڵ رێزگرتنە لە دەسەڵاتی دادگا و دادوەر و هەموو ئەوانەی لە هۆڵی دادگادا ئامادەن، ئەگەر تۆمەتبارێك رەفتارێك یان دەربڕینێكی هەبێت وا لێكبدرێتەوە رێزنەگرتنە لە دادگا، رێوشوێنی ئاگاداركردنەوە، یان دەركردن لە هۆڵی دادگا، یان هەر رێوشوێنێكی یاسایی تر هەن بگیرێنەبەر، نەك بەكارهێنانی زەبروزەنگ و ئازاردانی تۆمەتبار.
تۆڕی هاوپەیمانی19، رواڵەتەكانی توندوتیژی بەرانبەر بە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەی نەوەی نوێ بەهۆی رەخنەگرتن لە دەسەڵات شەرمەزار دەكات، داوا لە خاچی سووری نێودەوڵتی و كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق دەكات، بۆ هەواڵپرسینی تەندروستیی و مامەڵەی خراپ لەگەڵیدا بە زووترین كات سەردانی بكەن.
تۆڕی 19 لە لایەن كۆمەڵێك رێكخراو و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ دامەزراوە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرەنسیپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان.