3ی تشرینی دووهەمی 2025: سەرهەڵدانی هێرشی ئەلیكترۆنی بۆ سەر هەندێك لاپەڕەی دەزگای میدیای هەوڵێكە بۆ دەمكووتكردنی نەیاران و هەڵگرانی بیروڕای سیاسی جیاواز، دژی ململانێی سیاسی و فرەیین، سەنتەری میترۆ شەرمەزاری دەكات.
لە قۆناغی ململانێی سیاسی و هەڵبژاردنەكاندا هەندێك لە دەزگاكانی راگەیاندن، رووبەڕووی هێرشی ئەلیكترۆنی دەبنەوە و لاپەڕەكانیان لە لایەن كۆمپانیای مێتا دەسوتێندرێت، ئەم هەوڵانە دژی ململانێی سیاسی تەندروستن.
سەرباری ئەوەی عێراق لە ریزبەندی خراپترین وڵاتەكانە لە ڕووی ئازادی ئینتەرنێتەوە، بە ئەنقەست پچڕانی ئینتەرنێت، بلۆككردنی پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا و بەرنامەكانی نامە ناردن، سانسۆركردنی ناوەڕۆكی میدیای و هێرشی ئەلیكترۆنی بۆ سەر لاپەڕەی چالاكوانان و ڕۆژنامەنوسان، تۆماركراوە.
لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە سەنتەری میترۆی راگەیاند لە دەستپێكی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە هێرشی دیجیتاڵی كراوەتەوە سەر چەندین دامەزراوەی میدیایی سلێمانی، وێب تیڤی، سایت، لاپەڕەی تۆڕی كۆمەڵایەتی هەم كەسی و هەم میدیای ناسراو كە خاوەندارێتیان دیارە، گووتی" ئەم هێرشانە دژ بە ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری و فرەیین" جەختیكردەوە،" ئەم هێرشانە بەناوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و شتی ترەوەیە كە هیچ بنەمایەكیان نییە".
هەر ئەمڕۆ دەزگای میدیایی پۆڵەتیك پرێس، بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە تیایدا، راستەوخۆ پارتی دیموكراتی كوردستانی تۆمەتبار كردووە. دەڵێن،"خۆیان كردووە بەخاوەنی بەرهەمەكانی پۆلەتیك پرێس كە لە بنچینەدا وانییە و بە كامێرای دامەزراوەكەیان تۆماركراون و پاشان ریپۆرتیان لەو بەرهەمانە داوە بە ئامانجی داخستن و سوتاندنی پێگەكانیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبوك.
سەنتەری میترۆ لە رێی شەریكەكانی لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە و سەرچاوە و هۆكارەكانی دەكات.
سەرهەڵدانی هێرشی ئەلیكترۆنی بۆ سەر هەندێك لاپەڕەی دەزگای میدیای هەوڵێكە بۆ دەمكووتكردنی نەیاران و هەڵگرانی بیروڕای سیاسی جیاواز، دژ بە ململانێی سیاسی تەندروستە، سەنتەری میترۆ شەرمەزاری دەكات.