تۆڕی هاوپەیمانی ١٩ رایدەگەیەنێت هەموو رواڵەتێكی توندوتیژی ئیدانە دەكات، داوا لەدەزگا ئەمنییەكانی پارێزگای هەولێر دەكات لێكۆڵینەوەی جدی لەسەر كوژرانی كەسێكی سڤیل لە بەردەم كۆمپانیای لاناز بكات و مافی هاوڵاتیان لە رێكخستنی خۆپیشاندان و گردبونەوە بپارێزێت و رێگر نەبن لە روماڵی رۆژنامەنوسان.
دوا نیوەڕۆی ئەمرۆ رێكەوتی 29 ی تشرینی دووەمی 2025، لەكاتی خۆپیشاندانی بەشێك لە هاوڵاتیانی گوندی لاجانی سەر بە پارێزگای هەولێر، لەبەردەم كۆمپانیایەك كە داوای دامەزراندنیان دەكرد، شەرو ئاڵۆزی روودەدات و لەئەنجامدا كەسێك دەكوژرێت و چەند كەسێكیتر بریندار دەبێت.
هەروەها رێگری لەبەشێك لە دەزگاكانی راگەیاندن دەكرێت روماڵی روداوەكە بكەن و كەل و پەلی رۆژنامەوانیش دەشكێندرێت.
شەیما ئەحمەد پەیامنێری كەناڵ 8 بە تۆری 19 ی راگەیاند، لەكاتی روماڵی راستەوخۆدا بووم لەسەر روداوەكە لەلایەن چەند كەسێك بە بەرگی سەربازییەوە، هێرشكرایە سەرمان و پەخشەكەیان وەستاندین، هەروەها كەل و بەشێك لە كەلوپەلی رۆژنامەوانییەكەیشمانیان شكاند.
تۆڕی هاوپەیمانی ١٩ ئیدانەی كوژرانی خەڵكی سڤیل دەكات وداوا لەدەزگا ئەمنییەكانی پارێزگای هەولێر دەكات لێكۆڵینەوەی جدی لەسەر كوژران و برینداربوون بكات.
دەبێت مافی هاوڵاتیان لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان و گردبونەوە پارێزراو بێت و رۆژنامەنوسانیش ئازادانە بیتوانن روماڵی روداوەكان بكەن.