٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥،سلێمانی: سەنتەری میترۆ : داوا لە پارێزگاری هەولێر دەکات، جیاکاری لەگەڵ میدیاکاندا نەکات، ئەگەر خەمی ناپیشەییبونێتی، ئەوە قسە لە سەر گوتاری میدیایی بەشێکی زۆری میدیا و سۆشیاڵمیدیای حزبەکانتان بکە کە هەموو سنورەکانی ئاکاری رۆژنامەگەی بەزاندووە.
دوێنێ، ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە دیوانی پارێزگا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و دەزگای ڕاگەیاندنی کەناڵ ٨ی تۆمەتبار کرد و بە ئاژاوەگێڕ ناوی بردن.
هەر سەرنجێک یان ناڕەزایەتییەک بەرانبەر بە کاری دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن هەبێت، پێویستە بە شێوەیەکی یاسایی و لە چوارچێوەی شەفافیەتدا لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، دوور لە تۆمەت و گلەیی کە دەتوانێت ببێتە هۆی فشار لەسەر ڕۆژنامەنووسان یان سنووردارکردنی ئازادی کاری ڕاگەیاندن.
سەنتەری میترۆ داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە و پتەوکردنی پەیوەندی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات، بۆ ئەوەی کەشێکی ئارام و ڕێزدار فەراهەم بکرێت کە ڕۆژنامەنوسان بتوانن بەبێ ترس و فشار ئەرکەکانیان ڕابپەڕێنن.
میترۆ داوا لە پارێزگاری هەولێر دەکات، جیاکاری لەگەڵ میدیاکاندا نەکات، ئەگەر خەمی ناپیشەیبوونێتی، ئەوە قسە لە سەر گوتاری میدیایی بەشێکی زۆری میدیا و سۆشیاڵمیدیای حزبەکانتان بکە کە هەموو سنورەکانی ئاکاری رۆژنامەگەی بەزاندووە.
هێرش بۆ سەر میدیا و تۆمەتبارکردنی بە ئاژاوەگێڕی لەلایەن بەرپرسانەوە پێچەوانەی بنەماکانی کاری میدیایی ئازادە. کاری ڕۆژنامەوانی، لەوانەش ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانەکان، مافێکی دەستوورییە و بەشێکی سەرەکییە لە گەیاندنی زانیاری بە خەڵک.