هەڵوەشاندنەوەی نووسراوەکەی ئەنجومەنی دادوەری سەرکەوتنە بۆ ئازادیی ڕادەبڕین



سلێمانی: سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە ڕۆژنامەنووسان، پێشوازی لە نووسراوی ژمارە (١٤٢/ ٢٠٢٥/ ٣٨٨٩)ی دەستەی سەرپەرشتیاریی دادوەریی عێراق (ئیشرافی قەزایی) دەکات، کە تایبەتە بە سڕینەوە و هەڵوەشاندنەوەی نووسراوێکی پێشووتری سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی باڵای دادوەری  (١٢٢٣/ ٢٠٢٥). نووسراوە هەڵوەشاوەکە، ئازادیی ڕادەبڕینی لە میدیا و پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەکاندا دەخستە ژێر ڕەحمەتی لێشاوی سکاڵاکانی داواکاری گشتییەوە.
نووسراوە گشتێنراوەکەی دەستەی سەرپەرشتیاریی دادوەریی، کە ئەمڕۆ (١١/ ١٢/٢٠٢٥) دەرچووە و جێگەی خۆشحاڵییە، جەخت لە ڕێزگرتن لە ئازادیی ڕادەربڕینی دەستەبەرکراو لە دەستووری هەمیشەییدا دەکاتەوە. هەروەها سزای بەرپرسێکی دادوەریی داوە کە بەناوی ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە کۆنووسێکی بەو جۆرە داڕشتووە کە داواکارە گشتییەکان ئاراستەدەكات بۆ ئەوەی سکاڵای یاسایی دژی ئەوانە بجووڵێنن کە لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا "بانگەشە بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی سیاسیی عێراق و لەقکردنی شەرعیەتەکەی دەکەن". 
سەنتەری میترۆ جەخت لەوە دەکاتەوە، ئازادیی ڕادەربڕین مافێکی خۆڕسکە و بە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و دەستووری هەمیشەیی عێراق دەستەبەر کراوە، بۆیە ناکرێت بە هیچ پاساوێک و لە هیچ بارێکدا بەرتەسک بکرێتەوە. لەم ڕووەشەوە، ڕاستکردنەوە و ڕوونکردنەوەکەی دەستەی سەرپەرشتیاریی دادوەری، هەنگاوێکە لە جێگەی خۆیدا و کارێکی پێویست و سەركەوتنە بۆ پرەنسیپی ئازادی ڕادەربڕین.


PM:03:13:11/12/2025




ئه‌م بابه‌ته 108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌