سلێمانی، 20ی كانونی یەكەمی 2025: تۆڕی هاوپەیمانی 19 ئیدانەی هێرشكردنە سەر میران بەكر سكرتێری رۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە دەكەین، هێرشەكە بێڕێزییە و زەبرو زەنگە بەرانبەر ئەوانەی لەناو حزبەكانیاندا رای جیاوازیان هەیە، داوا دەكەین وەك كێشەی ناوخۆیی حزبێك تەماشا نەكرێت و یاسا سەروەر بێت.
میران بەكر سكرتێری رۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: "كاتژمێر یازدەو نیوی شەو، لە نزیك مەكتەبی سیاسیی ی.ن.ك لەهەولێر، تورەكەی ڕەشییان خستەسەرم و دوایی كەلەبچەیان كردم، بەشەق و بۆكس تێیانهەڵدام بۆ ماوەی سێ سەعات. هەموو كەل و پەلەكانی ناو سەیارەكەیان بردم و پاشان ووتیان: هەڵەمان كردووە!"
بەگوتەی میران سێ ئۆتۆمبێل لەگەڕەكی شەهیدان لە شاری هەولێر دەوریان گرتووە پاشان تورەكەیان كردۆتە سەری، چەند كەسێكیان دەناسێت و ئەو ئاسایشانە نین كە لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتین لە هەولێر، بەڵكو هێزی ترن كە لە سلێمانییەوە هێنراون.
میران گووتی: " بەهۆی نوسین و رەخنەكانم لەناو یەكێتی ئەم رووداوە بۆ من چاوەڕوانكراو بوو" گووتیشی" ئەگەر لەگەڵ كادرێكی خۆی كە 20 ساڵە لەناو ئەو تەنزیمە ئیعلامییە وا بكرێ، قوڕ بەسەر خەڵكێكی دەرەوە"
بەیانی ئەمڕۆ، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە كەناڵی رووداوی راگەیاندووە: هێرشبەران بۆ سەر میران لەلایەن هیچ هێزێكی رەسمی و ئەمنییەوە ئەنجامنەدراوە، ووتی" لەگەڵ یەكێتی قسە دەكەین كە دوبارە نەكرێتەوە ئەم رفاندنە لەهەولێر بۆ هیچ كەس ناچێتە سەر"
تۆڕی هاوپەیمانی 19 ئیدانەی هێرشكردنە سەر میران بەكر سكرتێری رۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە دەكات، ئەم رووداوەی پایتەختی هەرێمی كوردستان، بێڕێزییە بەرانبەر ئەوانەی لەناو حزبەكانیاندا رای جیاوازیان هەیە.
تۆڕی هاوپەیمانی 19 جەختدەكاتەوە مامەڵەكردن لەگەڵ جیاوازی بگاتە رفاندان و توركە لەسەركردن، نابێ وەك كێشەی ناوخۆیی حزبێك تەماشا بكرێت، پێویستە هێرشبەران رووبەڕووی یاسا بكرێنەوە.
تۆڕی 19 لە لایەن كۆمەڵێك رێكخراو و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ دامەزراوە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنیسپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان.